زەقوورەی عەگەرگۆف

ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ تایبەتە بە زقوورەی عەگەرگۆف، کە بە دووری نزیکەی 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای بەغدا. بەرزییەکەی ئێستا 50 مەترە، لەکاتێکدا لە رابردوودا 72 مەتر بووە. مێژووی ئەم زەقوورەیە دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵ پێش زایین، لە سەردەمی سۆمەرییەکاندا.

لە نزیک زەقوورەکەدا سێ پەرستگە و کۆشکێک هەن. شێوازی دروستکردنی زەقوورەکان هەمیشە لە شێوەی هەرەمیدا بوون. ئەم زەقوورەیە لە بنەڕەتدا لە حەوت بەش پێکهاتبوو، کە هەر بەشێک لەوی پێش خۆی بچووکتر بووە.

لە سەردەمی خۆیدا، عەگەرگۆڤ ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بووە، کاروانە بازرگانییەکان بەو ناوچەیەدا تێپەڕ بوون. لە ساڵی 1960 دەستکرا بە دروستکردنی مۆزەخانەیەکی بچووک لە تەنیشت زەقوورەکە، بەڵام دواتر گرنگی پێنەدرا. زەقوورەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: یەکەمیان ئەو رێڕەوە درێژانەی کە بەرەو سەرەوە دەڕۆن، دووەمیشیان پەرستگەی بەرزە کە دەکەوێتە لوتکەی زەقوورەکە.

ئەم زەقوورەیە بۆ خواوەندی نیلی دروستکراوە، کە لە بیروباوەڕی سۆمەرییەکاندا خواوەندی رەشەبا بووە. شوێنەوارناسێکی بەریتانی لەساڵی 1837 سەردانی زەقوورەکەی کردووە. یەکەم کاری هەڵکۆڵین لەنێوان ساڵانی 1942 و 1945 ئەنجامدراوە. لەساڵی 1970 پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی زەقوورەکە دەستیپێکرد، دەرکەوت کە چینەکانی زەقوورەکە لە قامیش دروستکراون بۆ پاراستنی بیناکە. خشتی قوڕ وەکو ئامرازی سەرەکی لە دروستکردنی زەقوورەکەدا بەکارهاتووە، بەشێوەیەک شەش تاوەکو حەوت ریز خشت لەسەر یەک دانراون بۆ کەمکردنەوەی شێ و بەهێزکردنی دیوارەکان.