قوتابخانەی موستەنسریە و کۆشکی عەباسی
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ دەچێتە دوو شوێنەواری مێژوویی گرنگی بەغدا کە لە سەردەمی عەباسییەکاندا دروستکراون، ئەوانیش قوتابخانەی موستەنسریە و قەسری عەباسین.
سەرەتا، پێشکێشکاری باژۆ، هەڵمەت عومەر سەردانی قوتابخانەی موستەنسریە دەکات، کە لەلایەن خەلیفەی عەباسی موستەنسیر بیللا لەساڵی 792ی زایینی دروستکراوە. سەرەڕای ئەوەی لە بنەڕەتدا قوتابخانە بووە، بەڵام بەهۆی ئەو زانستە زۆرەی تێیدا خوێندراوە، بە کۆنترین کۆلێژدا دەناسرێت. قوتابخانەکە دەکەوێتە سەر لێواری رووباری دیجلە و بەشێوەیەکی لاکێشەیی دروستکراوە، درێژییەکەی 105 مەترە و پانییەکەی 49 مەتر. نەخش و نیگاری بیناکە بە قوڕی رووباری دیجلە دروستکراوە، کە نەخش و نووسینی عەرەبی لەسەر دیوارەکان هەڵکەندراوە. هەروەها ئەستێرەی چوار، پێنج ، شەش و هەشت گۆشەیی لەسەر دیوارەکان نەخشێندراوە. هەڵمەت سەرنجی ئەو شێوازە تەلارسازییە دەدات کە رێگە دەدات تیشکی خۆر بێتە ناوەوە، بە شێوەیەک کە لە رۆژدا پێویستیان بە هیچ ئامێرێکی رووناککەرەوە نەبێت.
قوتابخانەی موستەنسریە ناوەندێکی گرنگی زانست و زانین بووە، هەروەها کتێبخانەیەکی گەورەی تێدابووە کە 450,000 کتێبی لەخۆگرتووە. زانایان سەردانیان کردووە و وەکو سەرچاوەیەک پشتیان پێبەستووە. بەڵام بەهۆی هێرشی مەغۆلەکان بۆ سەر شاری بەغدا لە ساڵی 1258ی زایینی، کتێبخانەکە تاڵان کراوە و، کتێبەکانی فڕدراونەتە ناو رووباری دیجلە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی رەنگی رووبارەکە لەبەر مەرەکەبی کتێبەکان رەش ببێت.
دواتر، هەڵمەت سەردانی کۆشکی عەباسی دەکات، کە هەندێک کەس پێیان وایە کۆشکێک بووە لە سەردەمی عەباسییەکان و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلیفە ناسر لیدینیللا، بەڵام هەندێک کەسی دیکە دەڵێن ئەمە قوتابخانەی شەرابیە بووە لە سەردەمی شەرەفەدین ئیقبال شەرابی. کۆشکەکە دەکەوێتە ناوچەی مەیدان لە بەری رەسافە لەسەر رووباری دیجلە. ئەویش هاوشێوەی قوتابخانەی موستەنسریە، نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش لەخۆ دەگرێت، بە تایبەتی لەلای رۆژهەڵاتی بیناکە. کۆشکەکە جگە لە هۆڵ و رێڕەوەکانی، 40 ژووری تێدایە، هەروەها نەخشی سەر دیوارەکانی سەرنجڕاکێشن و لەسەر شێوازی شانەی هەنگوین دروستکراون.