ئایا دەکرێت بە کوردی ئەرکە ئایینییەکان جێبەجێ بکەین؟
ئەم بەرنامەیەی باوەڕنما تایبەت بوو بە گەنگەشەکردنی مژارێک کە ئایا دەکرێت ئەرکە ئایینییەکان بە زمانی کوردی جێبەجێ بکرێن؟ چونکە بەشی زۆری باوەڕداران پێیان وایە هەموو سرووتێکی ئایینی دەبێت بە زمانی عەرەبی بێت.
دکتۆر عیماد گوانی، پسپۆڕ لە فیقهی ئیسلامی، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا گوتی "بابەتی زمان، خوداپەرستی و ئایینداری وابەستەی یەکدی نین"، هەروەها گوتی، "یەکێک لە نیشانەکانی خودا ئەوەیە زمانی جیاوازی بە ئێمە بەخشیوە" و، ئاماژەی بەوەدا کە جیاوازی زمانەکان یەکێکە لە نیشانەکانی گەورەیی خودا. دکتۆر عیماد جەختی لەوە کردەوە کە "لە ئیسلامدا هیچ زمانێک لەوەی دیکە زیاتر نییە". سەبارەت بە نزاکردن بە زمانی کوردی، دکتۆر عیماد گوتی، "نزایش بە کوردی بکرێت ئاساییە". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە پێغەمبەر هیچ زمانێکی فەرمی بۆ ئایینی ئیسلام دیاری نەکردووە.
دکتۆر مورشید خەزنەوی، باسی لەوە کرد کە "زمان ئامرازێکە بۆ گەیاندنی فەرمانی خودا بە مرۆڤ". بەڵام لە هەمان کاتدا گوتی، "لە فیقهی ئیسلامیدا هاتووە دەبێت موسڵمانی باش و تێگەیشتوو لە ئیسلام عەرەبی بزانێت". سەبارەت بە بۆچوونی مەزهەبەکان لەسەر ئەو بابەتە، دکتۆر مورشید ئەوەی روونکردەوە کە "لە مەزهەبەکانی شافعی، مالیکی و حەنبەلیدا نوێژکردن تەنیا بە زمانی عەرەبییە"، تەنیا مەزهەبی حەنەفی رێگەی داوە جگە لە زمانی عەرەبی بە زمانی دیکە نوێژ بکرێت.
دکتۆر محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر زمان نەبووایە، ئەم هەموو هێزەی ئێستا دەبوون بە لاوازی". ئەو ئاماژەی بەوەدا کە "هەموو بوارەکان پێویستیان بە زمانێکی ستاندارد هەیە" و، بۆ تێگەیشتن و فێرکردنی ئایین، ئاساییە زمانی دیکە بەکاربێت.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی گرنگە، بەڵام نابێت ببێتە هۆی جیاکاری و لەنێوچوونی برایەتی لەنێوان موسڵماناندا.