رۆڵی مزگەوت لە کوردستان: بانگەواز، سیاسەت، یان هۆشیاری؟

ئەم بەرنامەیەی باوەڕنما، تیشکی خستە سەر رۆڵی ئەمڕۆی مزگەوت لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا. بەرنامەکە بە بەشداریی د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی،  د. خالید گەردی، دکتۆرا لە فەرموودەناسی ئەنجام درا. گفتوگۆکە چەندین پرسیاری گرنگی ورووژاند: ئایا مزگەوت تەنیا شوێنی بانگەواز و نوێژە، یان دەتوانێت و دەبێت رۆڵی هەبێت لە سیاسەت و هۆشیارکردنەوەی خەڵکدا؟

د. خالید گەردی بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بە "کپکردنی رۆڵی مزگەوت لە کوردستان" کرد، لەکاتێکدا لە مێژوودا "پێشتر مزگەوت جگە لە خواپەرستی رۆڵی سیاسی و حکومڕانیشی هەبووە". ئەو پێیوایە پێویستە مزگەوت ئەو رۆڵە مێژووییە زیندوو بکاتەوە و ببێتە ناوەندێکی کاریگەر لە بوارەکانی سیاسەت، کۆمەڵایەتی و ئایینیدا. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە مامۆستایانی ئایینی دەبێت شارەزاییان لە تەکنەلۆژیای نوێدا هەبێت، چونکە "بتەوێت بە تێگەیشتنی کۆنەوە زانست بخوێنیت، دوادەکەویت".

د. مورشید خەزنەوی باسی لەوە کرد کە لە سەردەمی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) "مزگەوت جێگەی پەرستن، پەروەردە و سیاسەت بوو". بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەشدا کە لە مێژوودا دەسەڵاتداران هەوڵیانداوە مزگەوت بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنن، وەکو چۆن "فاتمی، ئەمەوی و عەباسییەکان مزگەوتیان دژی یەکتر بەکاردەهێنا". د. خەزنەوی جەختی لەوە کردەوە کە "مزگەوتەکانی ئەورووپا بوونیان بۆ پاراستنی کولتووری خۆیان پێویستە"، هەروەها رەخنەی لەو دەسەڵاتدارانە گرت کە "بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێن کە خەڵک هۆشیار نەکەنەوە". جەختی لەوەش کردەوە کە "رۆڵی مامۆستایانی ئایینی ئەوەیە خەڵک هۆشیار بکەنەوە".

د. محێدین محەممەد خانی جەختی لەوە کردەوە کە "مزگەوت شوێنێکی گشتیی باشە بۆ پلاندانان و بڕیاردانی موسڵمانان" و، لە مێژوودا "مزگەوت جێگەی هەموو پیشەکان بووە". ئەو رەخنەی لە دۆخی ئێستای مزگەوت گرت، بەڵام پێیوایە "ئەگەر مزگەوت رۆڵی خۆی نابینێت، هۆکارەکە لاوازیی مزگەوت نییە". د. خانی باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و رایگەیاند کە "لە مزگەوتەوە دەستی پێکردووە" و "زیاتر لە 400 گوتاری لە مزگەوتەکاندا پێشکەشکردووە". هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە کوردە پسپۆڕەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە مزگەوتەکانەوە دەستیان بە خوێندن کردووە.

بەرنامەکە تیشکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم مامۆستایانی ئایینی. د. خالید گەردی باسی لەوە کرد کە "بەبێ ئەوەی هیچ گوناهێکم هەبێت لە گوتاری هەینی لابراوم"، ئەو زیاتر گوتی: "کاتێک بڕوانامەی دکتۆرام بەدەستهێنا، گوتیان نابێت گوتاری هەینی بدەیت". 

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، بەشداربووان جەختیان لە گرنگیی رۆڵی مزگەوت لە هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە کردەوە. د. مورشید خەزنەوی پێشنیازی کرد کە "باشترین کار ئەوەیە ئازادی بدرێت بە پێشنوێژ و گوتارخوێنەکانی مزگەوت". د. محەممەد خانی پێشنیازی کرد کە "هەندێک لەو پارانەی بۆ مزگەوت خەرج دەکرێن، بدرێتە پەروەردە". د. خالید گەردیش ئاماژەی بەوەدا کە قازی محەممەد، رێبەری کۆماری کوردستان، پەروەردەکراوی مزگەوت بووە.