پووچگەرایی و چاولێکەری.. ئایا ژیان بۆ خۆمانە یان بۆ خەڵکی؟
ئەم بەرنامەیەی باوەڕما تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی ژیان لە پێناو خەڵک و چاولێکەری لەسەر ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵگا. میوانەکانی بەرنامەکە بریتی بوون لە د. محێدین محەممەد خانی، پسپۆڕی دەروونناسیی پەروەردەیی، د. مورشید مەعشووق خەزنەوی، دکتۆرا لە فیقهی ئیسلامی، د. عیماد ستار، دکتۆرا لە سیاسەتی شەرعی و د. هەڵاڵە محەممەد ئەڵماس، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
گفتوگۆکە لەسەر ئەو خاڵە وەستا کە جیهانی مۆدێرن و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا چۆن کاریگەرییان لەسەر شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی خەڵک داناوە. بەشێک لە خەڵکی زیاتر گرنگی بە رواڵەت و نمایشی ژیان دەدەن، ئەمەش وایکردووە لە ناوەڕۆک و بەها راستەقینەکان دوور بکەونەوە. د. محەممەد خانی لەو بارەیەوە گوتی: "کاتێک بۆ خەڵک دەژیت وەکو ئەوە وایە بە قەرز بژیت". ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە "بەرواردکردنی دەروونی کەسێک بە رووکەشی کەسێکی دیکە هەڵەیە".
د. هەڵاڵە محەممەد ئاماژەی بەوەدا کە "ژنان پشکی گەورەیان لە گرنگیدان بە رواڵەت بەردەکەوێت"، بەڵام "ئێستا رێژەیەکی زۆری پیاوانیش جوانکاری دەکەن". ئەو هۆشداری دایە ئەو کەسانەی بەهۆی چاولێکەرییەوە هەوڵی گۆڕینی شێوەی خۆیان دەدەن و گوتی: "ژنان قوربانیی یەکەمی چاولێکەرین" و "چاولێکەری لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە چینایەتی دروستدەکات".
د. عیماد گوانی باسی ئەوەی کرد کە "هەرکەس پێناسەی مرۆڤایەتیی خۆی نەزانی، خەڵک پێناسەی بۆ دەکەن". هەروەها ئاماژەی بە قسەیەکی ئیمامی شافعی کرد کە دەڵێت "ئەگەر بە بەشی خۆت رازی بوویت، تۆ شای جیهانیت" و گوتی "کەسێک بەدوای ژیانی خەڵک بکەوێت بە خەمەوە دەمرێت".
د. مورشید خەزنەوی رەخنەی لەو کەسانە گرت کە کۆنترۆڵی ویستەکانی خۆیان ناکەن و گوتی: "کەسێک نەتوانێت کۆنترۆڵی ویستەکانی خۆی بکات نەخۆشە". ئەو هەروەها رەخنەی لەو براندانە گرت کە "بە خەڵک دەفرۆشرێن بۆ سوود و بازرگانیی خۆیانە" و خەڵک بۆ کڕینی کاڵاکانیان هان دەدەن. ئەو بەپێویستی زانی کە مرۆڤ بەپێی توانای خۆی بژی و خۆی نەخاتە ژێر باری قەرز و خواستە زیادەکانەوە.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا، د. محەممەد خانی پەیامێکی ئاڕاستەی بینەران کرد و گوتی: "دەبێت چاولێکەری بۆ بەها بێت نەک نرخ" و "گرنگە مرۆڤ بۆ بەها بژی". ئەو روونی کردەوە کە مرۆڤ دەبێت هەوڵبدات بەهاکانی خۆشەویستی، رێزگرتن، دادپەروەری و دڵسۆزی لە ژیانیدا بەرجەستە بکات و خۆی لە ژیانی رووکەش و چاولێکەری بپارێزێت.
د. هەڵاڵە محەممەد داوای لە خەڵکی کرد کە سوپاسگوزار بن بۆ ئەو نیعمەتانەی کە هەیانە و گوتی: "دەبێ خواپێداو هەبوونی پێوە دیاربێت، بەڵام زیادەڕۆییش نەکات" و "نابێت ئەوەندە خواردن ئامادە بکرێت بمێنێتەوە و فڕێ بدرێت".
د. عیماد گوانی لە کۆتاییدا گوتی: "ئەگەر بتانەوێت ئاسوودە بن، سەیری ئەو کەسانە بکەن لە خوار ئێوەوەن".
ئەم بەرنامەیە کۆمەڵێک رێنمایی گرنگی خستەڕوو کە یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی مرۆڤ ژیانێکی بەختەوەرانە و بەمانا بەسەر ببات. ئەو پەیامانەی لە بەرنامەکەدا ئاماژەیان پێدراون، هاندەرن بۆ ئەوەی هەموومان بەدوای بەها راستەقینەکانی ژیاندا بگەڕێین، رێز لە شێوەی خۆمان بگرین، خۆمان لە چاولێکەری و ژیانی رووکەش بپارێزین و سوپاسگوزار بین بۆ ئەو نیعمەتانەی کە هەمەمانە.