ئەمێریکراسی - کاریگەری رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەمریکا

ئەمێریکراسی - کاریگەری رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئەمریکا
هێمن عەبدوڵڵا: سڵاوتان لێبێت. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکوڵێت، زۆر کەس دەڵێن لە لێواری شەڕێکی زۆر گەورەتردایە لەوەی کە ئێستا هەیە. ئاگرەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام کاریگەرییەکەی و تینی ئاگرەکە لەسەر ئەمریکاشە، لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، لەسەر ئەو بەربژێرانەی کە چاویان لەوەیە بڕۆنە کۆشکی سپی، هەروەها لەسەر ئەو بەربژێرانەش کە دەیانەوێت بڕۆنە کۆنگرێس. چونکە لەڕاستیدا، ئەو هەڵبژاردنانەی کە بڕیارە لە ئەمریکا بکرێن، تەنیا بۆ دانانی یان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەمریکا نین، بەڵکو بۆ گۆڕینی بەشێکی گەورەی نێو کۆنگرێسیشن، بۆ دەنگدانە لەسەر نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکاش. لە رۆژانی رابردوودا، لە تەنیا دیبەیتێکدا کە لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێری کۆماری و دیموکرات بۆ سەرۆکایەتی کرا، پرسی حەماس، پرسی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵا، بێگومان یەکێک لە مژارە سەرەکییەکان بوو. لە ماوەکانی رابردوودا، خۆپیشاندانی زۆر لەنێو زانکۆکانی ئەمریکادا کراون. گوشارێکی گەورە لەسەر هەردوو بەربژێر هەیە بۆ ئەوەی کە باسی هەڵوێستی خۆیان بەڕوونی بکەن لەسەر ئەوەی کە دەیانەوێت چۆن ئەو کێشەیەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە چارەسەر بکەن. بێگومان لە هەردوولاش لۆبی بەهێز خەریکی کارکردنن بۆ ئەوەی کاریگەری دابنێن لەسەر پەیامی بەربژێرەکان، لەسەر سیاسەتی ئایندەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڕاستی سەرنجڕاکێشە بزانین ئەو لۆبییانە کێن، چۆن دەتوانن کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان دابنێن، وە ئەمجارە چی لەگەڵ جاران گۆڕدراوە. چونکە زۆر کەس دەڵێن ئەم جارە لۆبی موسڵمانانی نێو ئەمریکا زۆر زۆر بەهێزترە لە جارانی رابردوو. کەس لە هاوکارانم نامۆ عەبدوڵا و رێباز عەلی باشترنین کە لەسەر ئەو پرسە قسە بکەن. پێش هەمووشت دەمەوێت لەسەر لۆبی جوو قسە بکەین لە ئەمریکا. نامۆ، دەزانین لەوێ شتێک هەیە بە ناوی کۆمیتەی پەیوەندیە جەماوەرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کە بە ئەیپاک دەناسرێت. زۆر کەس دەڵێن ئەو دامەزراوەیە ئەوەندە بەهێزە کە بڕیار دەدات سەرۆکی ئەمریکا هەمیشە چۆن بیربکاتەوە و چۆن کاتێک دەخەوێت ئاگای لێبێت سبەینێ بڕیاری چی بدات. ئەگەر بۆ منی باس بکەیت، میکانیزمەکەی چۆنە؟ ئەم ئەیپاکە چۆن دامەزراوە؟ پێکهاتەی رێکخراوەکە چییە و بەڕاستیش کاریگەرییەکەی ئەوەندە گەورەیە؟
نامۆ عەبدوڵڵا: بەڵێ، هێمن. وەکو خۆت ئاماژەت پێدا، لۆبیکردن لە ئەمریکا زۆر شتێکی باوە و لە زۆر وڵاتانی دیکەش باوە. لۆبیکردن بە کوردی واتە رێکخراوەکانی گوشار. وشەی لۆبی بۆ خۆی مانای گوشار دەگەیەنێت، گوشار خستنە سەر دەسەڵات و سەر حکومەت. ئەیپاک رێکخراوێکی گوشارە، لۆبییەکە لە ئەمریکا کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دەکات لە ئەمریکا. ئەم رێکخراوە، ئەم رێکخراوانەی گوشار و لۆبییەکان لە ساڵی 2010ەوە رۆژ رۆژی خۆیانە. پێش 2010 نەیاندەتوانی بەو شێوەیە کەمپەین بکەن، بەو شێوەیە بەخشین بکەن، بەو شێوەیە پارە ببەخشن بە کاندیدەکان. لەبەر ئەوەی لە ئەمریکا، وەکو خۆتان دەزانن، لە هەر کاتێکدا تاکێک کە بیەوێت پارە ببەخشێت بە کاندیدەکان راستەوخۆ، ناتوانێت لە 3300 دۆلار زیاتر ببەخشێت لە هەر هەڵبژاردنێکدا. لە کۆنگرێس 3300 دۆلار دەتوانی ببەخشیت، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکاش 3300 دۆلار. ئەم پارەیە لەوێدا سنووردار کراوە و هیچ رێکخراوێک، هیچ کۆمپانیایەکیش ناتوانێت راستەوخۆ پارە بدات بە کاندیدەکان. ئەمە بەپێی یاسا قەدەخە کراوە. بەڵام لە ساڵی 2010دا شتێک روویدا، دادگای باڵای ئەمریکا گوتی دەکرێت سوپەرپاک دروست بکرێت. سوپەرپاک چییە؟ رێکخراوێکە کە تۆ دروستی دەکەیت بۆ ئەوەی بەرگری لە ئەجێندای کاندیدێک بکات و دژی کاندیدەکەی تر دەتوانێت رێکلام بکات، بەو مەرجەی کە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو کاندیدەیان نەبێت.
ئینجا ئەیپاک و لۆبییەکان، ئەمە بۆ ئەوان زۆر باش بوو لەبەر ئەوەی ئێستا دەتوانن بەبێ سنوور پارە ببەخشن بۆ ئەو کاندیدەی کە هەیانە. راستەوخۆ بۆ خۆی ناچێت پارەکە، بەڵام دەچێت بۆ ئەو رێکخراوە کە کەمپەین بۆ کاندیدەکە دەکات بەبێ ئەوەی پەیوەندییەکی راستەوخۆیان هەبێت. بەم شێوەیە دادگای باڵای ئەمریکا (دادگای دەستووری، سوپریم کۆرت) گوتی بەخشین جۆرێکە لە ئازادی رادەربڕین. بۆیە گوتی کۆمپانیاکان مافی ئەوەیان هەیە کە پارە ببەخشن، بەڵام نەک راستەوخۆ بۆ کاندیدەکان، بەڵکو دەتوانن بیبەخشن و چۆن خەرجی دەکەن خەرجی بکەن وەکو ئازادی خۆیان. ئایا تا چەند سەرکەوتووە؟ بە کورتی وەڵامی ئەمە بدەمەوە: ئەیپاک لە کارەکانیدا هەتا چەند سەرکەوتووە؟ لەراستیدا مێژوو نیشانی داوە کە زۆر زۆر سەرکەوتوو بووە لەم کارانەی. بۆ نموونە، نموونەیەکت بۆ بهێنمەوە: ساڵی 2023، ساڵی پار، جەمال بۆمان هەبوو، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا بوو لە نیویۆرک، لە دیستریکتی شازدەی نیویۆرک. جۆرج لاتیمەر کاندیدێک بوو کە ئەیپاک پاڵپشتی دەکرد. لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی جەمال بۆمان زۆر پاڵپشتی فەڵەستینی دەکرد و دژی ئیسرائیل قسەی دەکرد. یەکێک بوو لەو کۆنگرێسمانانەی کە پێیان دەڵێن "دەستە چوار" وەکو AOC و ئەوانەی کە لە کۆنگرێسی ئەمریکا زۆر توند دژی ئیسرائیل قسە دەکەن. ئەنجامەکەیمان بینی: جەمال بۆمان دۆڕاندی دوای ئەوەی کە ئەیپاک 30 ملیۆن دۆلاری لە کەمپەینەکەدا بۆ ئەو کاندیدە خەرج کرد. بەڵام هەمیشەش سەرکەوتوو نابێت بێگومان. کاتێک کاندیدەکە زۆر زۆر بەهێز بێت، بۆ نموونە AOC زۆر زۆر بەهێزە، نەیانتوانیوە شکستی پێبهێنن. ئەلێکساندریا ئۆکاسیۆ-کۆرتێز کە ئەویش خەڵکی نیویۆرکە، ئیلهان عومەر بە هەمان شێوە بەهێزە، نەیانتوانیوە بیبەنەوە. بەڵام زۆر نموونە هەیە کە سەرکەوتوو بووە ئەیپاک.
هێمن عەبدوڵڵا: زۆر باشە، نامۆ. ئەوەی کە باسی دەکەی سەرنجڕاکێشە و نموونەیەی کە باست کرد پرسی جەمال کە ناردوویانەتەوە. بێگومان کە باسی لۆبی بەرامبەر دەکەین، ئەوانەی کە دەتوانن هاوسۆز بن لەگەڵ فەڵەستین، دەتوانین باسی سعوودییەکان بکەین کە پارەیەکی خەیاڵی لەوێ لە واشنتن خەرج دەکەن بۆ لۆبیکردن. قەتەرییەکان، ئیماراتییەکان، تورکیا بۆ نموونە، و زۆر وڵاتی دیکە. ئێرانیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس دەکەن. هەندێک دامەزراوە کە Think Tank و ئەوانەن، بیرگەن و بیرکردنەوەیان تا رادەیەک رەنگە نزیک بێ لە ئێران، ئەوانیش کاریگەری دادەنێن. بەڵام ئەمانە هەموویان لەم هەڵبژاردنەدا بەتایبەتی، نابینی ئەو هەموو پارە خەیاڵییەی کە هەیانە، ئەو هێزە گەورەی هەیانە بۆ فەڵەستین تەرخانی بکەن، بۆ لۆبیکردن بۆ فەڵەستین تەرخانی بکەن. کەچی هەر واش، رێباز، بەپێی ئەو داتایانەی کە لەبەردەستن دەیانبینین، رای گشتی ئەمریکا وەکو جارەکانی رابردوو نییە. تەنانە لۆبیکردنەکەش ئەوەندە کاریگەری گەورە لەسەر رای گشتی دانانێ بۆ ئەوەی کە هەمیشە بیر لە ئیسرائیل بکەنەوە، بیر لە ماڵ و منداڵێکی جوو بکەنەوە کە رەنگە لە ئیسرائیل مەترسی لەسەر ژیانی بێ. خەڵک ئێستا جینۆسایدی غەززەش دەبینێت، شتەکانی دیکە دەبینێت. ئەمەش کاریگەری داناوە. دەمەوێ بزانم موسڵمانی ئەمریکا لەوێ چۆن گوشار دروست دەکەن؟ لۆبیکردنەکەیان چۆنە؟ ستایلی موسڵمانی ئەمریکا چییە بۆ گوشار دروستکردن؟
رێباز عەلی: هێمن، موسڵمانان لە ئەمریکا، ئەوانەی کە موسڵمانن و تۆمارکراون وەکو دەنگدەر لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ژمارەیان نزیکەی 3 ملیۆن و 500 هەزار کەسە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم موسڵمانانە دابەش بوون. زۆربەیان دابەش بوون بەو ویلایەتانەی کە بە ویلایەتی یەکلا ەبووەوە یاخود ویلایەتی جۆلانە، لە بەرنامەی پێشوو بە درێژی باسمان کرد. ئەم موسڵمانانە دەکرێ لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵدا کاریگەرییەکی زیاتریان هەبێ وەک لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. چونکە وەکوو باسمان کرد جاری پێشوو ویلایەتە یەکلانەبووەکان تاکە دەنگێکیان زۆر گرنگە چونکە دەتوانن ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بەلایەکدا یەکلایی بکەنەوە. بۆ نموونە لە ویلایەتی میشیگن ئەو موسڵمانانەی کە مافی دەنگدانیان هەیە نزیکەی 200 هەزار موسڵمانن. لە ساڵی 2020 بەشی زۆری موسڵمانەکان لە ئەمریکا دەنگیان بە جۆ بایدن دا، نزیکەی %65ی موسڵمانەکان دەنگیان بە جۆ بایدن دا. بەڵام ئەمساڵ بەهۆی شەڕی غەززەوە و ئەو کاریگەرییەی شەڕی غەززە و هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا لە شەڕی غەززە و دژایەتیکردنی ئاگربەست، ئەمە گۆڕاوە و بەپێی راپرسییەکان پاڵپشتیکردنی موسڵمانەکان بۆ دیموکراتەکان کەم بووەتەوە تاوەکو نزیکەی لە %12 هاتووە. ئەمەش بێگومان دابەزینێکی یەکجار زۆرە، دەکرێت کاریگەری زۆری هەبێت بەتایبەتی بۆ نموونە لە ویلایەتی میشیگن. ئەگەر بێتو ئەم 200 هەزار موسوڵمانە بڕیار بدەن دەنگ بە بەربژێرێک دەدەن دژی بەربژێرێکی دیکە، ئەوە زۆر زۆر ئەگەری هەیە وە پێشبینی دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت کە ویلایەتی میشیگن یەکلابکەنەوە. جاری پێشوو دەنگیان بە جۆ بایدن دا. ئەگەر ئەمجارە بێت و بەهۆی شەڕی غەززەوە لە رقی جۆ بایدن دەنگ نەدەن بە کامالا هاریس و دەنگ بدەن بە دۆناڵد ترامپ، ئەمە دەکرێت ویلایەتی میشیگن یەکلا بێتەوە بۆ دۆناڵد ترەمپ و دەکرێت بەو هۆیەشەوە هەڵبژاردنەکە بباتەوە. یانی نەتیجەیەکی زۆر زۆر سەرنجڕاکێشە و ئەگەرێکی زۆر گەورەشە کە ئەوە رووبدات. بەڵام ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە تا ئێستا موسڵمانانی ئەمریکا هیچیان رازی نین بە هەڵوێستی هەردوولا، بە کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ بەتایبەتی لە شەڕی غەززە. بەشی زۆری موسڵمانەکانی ئەمریکا، %61 زیاتر، گرنگترین شت بەلایانەوە ئەمساڵ و لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا پرسی شەڕی غەززە و ئاگربەستی هەمیشەییە لە غەززە. بێگومان ئەم پرسە لە جارەکانی پێشوو، لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەو شێوەیە گرنگی نەبووە. لە ساڵەکانی دیکە، لە هەڵبژاردنەکانی دیکە پرسی ئابووری، کۆچبەری ئەوانە گرنگتر بوون بەڵام ئێستا غەززە گرنگترین شتە بە لای موسڵمانەکانەوە. بۆیە ئێستا بەپێی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئیسلامی ئەمریکی (کەیر)، ئەوان پێیان وایە کە بەشێکی زۆری موسڵمانەکان لە ئەمریکا ئەمجارە روودەکەنە کاندیدی سێیەم یاخود پارتی سەوز کە پارتێکی بچووکە و هەموو ساڵێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا یان هەر چوار ساڵ جارێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەشداری دەکات. جاری پێشووش بەشداری کرد، چەند ژمارەیەکی کەم دەنگ دەهێنێت. ئێستاش هەندێک لەو موسڵمانانە ناچار دەبن، نە دۆناڵد ترامپیان بە دڵە لە پرسی غەززە و نە کامالا هاریسیشیان پێ باشە، بۆیە بەشێکی زۆری ئەو موسڵمانانە روویان کردووەتە جیڵ ستاین.
هێمن عەبدوڵڵا: باشە رێباز، نامۆ ئەوەی کە ئێستا رێباز باسی دەکات مژارێکی بەڕاستی سەرنجڕاکێشە کە پارتی سێیەم وەکو کولتوورێک لە نێو ئەمریکادا دەزانین نییە، کولتووری سیاسی. بەڵام ئەو ماوەیە زۆر جار ناوی سەرۆکی پارتەکەش دێ، جیڵ ستاین. قسەی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە، یەکێک لە قسەکانی بۆ من ئەوە بوو کە دەڵێ دەنگدەری ئەمریکی لەسەر  بنەمای ئەوەی کە کێی بە دڵە دەنگ نادا بە بەربژێر، بەڵکو دەنگ دەدا بە دژەکەی. بۆ نموونە دۆناڵد ترەمپی خۆش ناوێ، دەنگ دەدا بە هاریس. ئەوەی کە ئێستاش گوێمان لێدەبێ مادام لە بایدەن رازی نین، زۆرجار دەنگ دەدرێت بە ترەمپ. ئەوەی کە لەسەر جووەکان ئەگەر بگەرێمەوە سەر ئەوە، گوێم لێبوو یەک دوو جار دۆناڵد ترەمپ گلەیی ئەوەی لە جووەکانی ئەمریکا دەکرد، دەیگوت کە ئەگەر دیموکراتەکان بیبەنەوە هەڵەی جووەکانە. هەرچەندە وەکو دەزانیت لە رۆژانی رابردوو چووە واشنتن دی سی، بەشداری کرد لە یەکێک لە دانیشتنە گرنگەکانی لۆبی جوو لەوێ. پیشانی دا کە هێشتاش لە جاران زیاتر پشتی جوو دەگرێ، سەرەڕای ئەو پەیوەندییانەی لەنێوان ئەوو وەکو دەڵێت رەگەزپەرستەکانی نێو ئەمریکا دروستدەکرێن کە دژی سامی بن و زۆرتر لایەنی سپی پێست دەگرن. بەڵام ئەو لۆمەکردنەش هەیە بۆ جوو. بەڕاستی وایە؟ جوو لە هەڵوێستی بایدەن رازین ئەمجارە دەنگ دەدەن بە ئەو؟
نامۆ عەبدوڵڵا: بەڵێ هێمن، لە راستیدا بەشێکی زۆری، بەگشتی جووەکانی ئەمریکا زۆربەیان دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن. ئەمە لە مێژووە هەر وابووە، سەرەڕای ئەوەی کۆمارییەکان وا دەردەکەون کە زیاتر پاڵپشتی ئیسرائیل بکەن. پێموانییە جووەکان گرفتێکی ئەوتۆیان هەبێ لەگەڵ بایدن ئەمساڵ. چونکە بایدن بەڕاستی سیاسەتەکانی هەندێک جار خۆی لەگەڵ نەتەنیاهوو قسەی توندی کردووە کە بۆ ئاگربەست دروست ببێت یاخود ئەو شتانە. بەڵام شتێکی وای نەکردووە، لەڕاستیدا جگە لەوەی کە بڕیارێکی دا کە هەندێک چەک رابگرێت بۆ ئیسرائیل. بەڵام هەموو ئەو چەک و شتانە هەر چەکی دیکە دابین کراوە بۆ ئیسرائیل، هەر پێویستییەکی بەرگری هەبووبێت. ئەمریکا دەڵێن تاوەکو ئێستا ئەمە ساڵانە ملیارەها دۆلار لە راستیدا دەدات بە ئیسرائیل بە شێوەیەکی راستەوخۆ. سێ چوار ملیار دۆلارە وا دەزانم، ئەگەر زیاتر نەبێ ساڵانە. ببوورە ژمارەکەم لانییە بەڵام ملیارەها دۆلارە کە لە رێگەی چەک و لە کۆمەک، زۆربەی زۆری سەربازییە و بایدن بەردەوام بووە لەوە. بەڵام کاتێکیان دیدارێکم لەگەڵ مێژوونووسێکی جوو کرد لە ئەمریکا، مەبەست لە مێژوونووسی جوو ئەوەیە کە لە مێژووی لە جووەکان کۆڵیوەتەوە و لەسەر ئەوانە رێسێرچ و توێژینەوەی کردووە. خۆشی جووە، قسەیەکی کرد گوتی وەرگێڕانەکەی کەمێک قورسە بە ئینگلیزی، بەڵام ئەوەیە کە جووەکان هەرچەندە بۆ نموونە دەوڵەمەند بن و ئاوا بژین، بەڵام دەنگدانیان بۆ ئەو پارتانەیە کە پارتی بۆ نموونە کە دەیانەوێ باج زیاد بکرێ لەسەر خەڵک و پارتی هەژار، بە کوردییەکەی. بەو شێوەیە باسی کرد. سەرنجراکێشە کە بۆ نموونە پارتی کۆمارییەکان دەڵێن ئێمە کەمتر باج دەخەینە سەر دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا، کەچی جووەکان هەرچەندە یانی زۆر بەشێکی زۆریان دەوڵەمەندن لە ئەمریکا، هەر دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن.
هێمن عەبدوڵڵا: ئەوەی کە باست کرد، بایدن زۆر جار نەیشاردۆتەوە کە من کەسێکی زایۆنیم، بەئاشکرا لە میدیا قسەی لەسەر کردووە. وەکو خۆشت باسی دەکەیت، تەنانەت بڵێین گەمارۆدانانی هەندێک جار لەگەڵ ئیسرائیل پێیان وابووە ئەمە پاساوە بۆ پاراستنی ئیسرائیل لەوەی کە نەتەنیاهۆ هان نەدرێ چەکی زۆر پێشکەوتووتری هەیە بەردەوام بێ لە شەردا. واتە بابەتەکە بەڕاستی سەرنجراکێشە. رێباز، وەکو ئێستا نامۆش باسی کرد، جووەکان دەنگ دەدەن بە دیموکراتەکان. دیموکراتەکان ناچارن هەمیشە هەڵوێستێکی زۆر زۆر روونیان هەبێ، پشتی ئیسرائیل بگرن چونکە جووەکان دەنگدەرێکی زۆریان هەیە. بیرمە جاری رابردوو لە دیسی تۆ بۆت باس کردم، گوتت زۆر جار جووەکان بە شێوەیەکی ستراتیژی، بۆ نموونە دابەشبوونی جوگرافییان لە ئەمریکادا وایە، بۆ نموونە خەڵکی ناوچەیەک تەلەفۆن بۆ کۆنگرەسمانەکەی خۆیان دەکەن، جووەکان بێگومان دەڵێن لە فڵان بابەتدا دەبێ پشتی ئیسرائیل بگری چونکە ئێمە دەنگدەری تۆین، ئاواین، ئاواین. ئیتر ئەمە کاریگەریی لە کۆنگرێس بەگشتی دەکا. ئەم هەڵمەتی تەلەفۆنکردنە، ئەم گوشارەی کە ئێستا باسی دەکەین لەلایەن جووەکان، ئاوا گوشار دەخەنە سەر دیموکراتەکان و تەنانەت لایەنی ترمپیش کە پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات. لە لایەکەوە موسڵمان ئەگەر نەدەن، هاریس چانسی دەرچوونی لاواز دەبێ. ئەمە کاریگەری دەبێ لەسەر ئەوەی کە هەڵوێستی هاریس لە رۆژانی داهاتوودا بگۆردرێ. بۆ نموونە نەرمتر بێ بەرامبەر موسڵمانان و کەمێک تووندتر بێت لەگەڵ ئیسرائیل و نەتەنیاهوو.
رێباز عەلی: هێمن، ئەوەی کە دەیزانین ئەوەیە کە لە قسەکانی هاریس لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، چەند هەفتەی رابردوو، هەمیشە رووی لە گەنجی ئەمریکییە. بەشێوەیەکی گشتیش هەر لە مێژووشدا دیموکراتەکان زۆر روویان لە گەنجی ئەمریکی بووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە قوتابی زانکۆن. بینیمان وەکو تۆش لە سەرەتا ئاماژەت پێ کرد کە بەهۆی شەری غەززەوە قوتابیانی زانکۆکانی ئەمریکا ی کرد. دنیایەک خۆپیشاندانیان کرد، کامپەسەکانی زانکۆکانیان داخست، چەندین رۆژ رووبەڕووی پۆلیس بوونەوە. ئەمە بێگومان کاریگەری دەبێت لەسەر هەڵوێستی کامالا هاریس. هەرچەندە زۆر کەس پێیانوایە کامالا هاریس لە پرسی غەززە و ئیسرائیل زۆر جیاواز نییە لە بایدن، چونکە خۆی ئەو چەند ساڵە جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە. کامالا هاریس لە راستیدا لە سیاسەتی دەرەوەدا زۆر شارەزاییەکی ئەوتۆی نییە، تەنیا ئەوەندەیە کە ئەم چوار ساڵە لەگەڵ جۆ بایدن بووە کە کەسێکی زۆر زۆر شارەزایە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەندین ساڵ لە کۆنگرێس بووە، جێگری سەرۆک بووە و خۆشی شارەزاییەکی زۆری هەیە لە پرسی سیاسەتی دەرەوە. هاریس کەمێک شت لەو فێر بووە. ئەوەی کە لە وتارەکەی لە کۆنگرەی دیموکراتەکان، وتاری قبووڵکردنی بەربژێربوونی هاریس لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرەی دیموکراتەکان، هەندێک زمانەکەی جیاوازتر بوو لەوەی بایدن. کەمێک سۆزی زیاتری پێوە دیار بوو بەرامبەر خەڵکی غەززە و بەرامبەر فەڵەستینییەکان. و هەمیشەش لەو کاتەوە کە قسە دەکا لەسەر ئەو بابەتە، باسی ئەوە دەکات کە فەڵەستینییەکان دەبێ مافی چارەی خۆنووسینیان هەبێت و دەبێ ئەم شەرە و ئەم ناخۆشییانەی خەڵکی غەززە رابگیرێت. ئەمە تۆزێک هیوایەکی لای موسڵمانە ئەمریکییەکان و لای ئەو گەنجە ئەمریکییانەی کە خوێندکاری زانکۆکانن دروستکردووە کە لەوانەیە هاریس شتێکی جیاوازتر بێ لەوەی بایدن. بەڵام بە شێوەیەکی کرداری هەڵوێستی فەرمی لە کامپەینەکەیەوە، تاوەکو ئێستا هیچ دەرنەکەوتووە. ئاشکرایە لە بەرامبەریدا دۆناڵد ترەمپە. دۆناڵد ترامپ زۆر زۆر تووندە لە پرسی غەززەدا. وەکوو تۆش ئاماژەت پێکرد رووی دەکاتە جووەکانی ئەمریکا و دەڵێ ئەگەر دەنگ بدەن بە کامالا هاریس ئەوە ساڵێکی دیکە ئیسرائیل کۆتایی دێت و نامێنێ. ئەوەی چەند هەفتەی داهاتوو، لەوانەیە چەند رۆژی داهاتووش زۆر زۆر گرنگ دەبن بۆ بەتەواوی روونبوونەوەی سیاسەتەکانی یاخود ستراتیژی هاریس و دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی کە شەری ئیسرائیل لە بەرامبەر بە حیزبوڵا پێدەنێتە قۆناخێکی دیکەوە. ئەوە زۆر زۆر کاریگەری دەبێت. بەڵام لە هەمان کاتدا ئیدارەی بایدن زۆر هەوڵی ئەوە دەدات کە - ئیدارەی بایدن کاریگەریشی زۆر هەیە لەسەر هاریس - ئەوەیە کە نایانەوێت ئەم شەڕە فراوانتر ببێت. مەترسییەکی زۆر هەیە هەمیشە لە فراوانبوونی شەڕەکە، لە دەستدەرچوونی شەڕەکە و تێوەگلانی خەڵکی تر و لایەنی تر و وڵاتانی تر لە شەرەکە. ئەم ساڵی هەڵبژاردن بۆ شتێکی لەو شێوەیە زۆر زۆر زەحمەت دەبێت. بۆیە بە هەموو شێوەیەک دەیانەوێت تۆزێک دۆخەکە هێمن بکەنەوە، هێدی بکەنەوە بۆ ئەوەی سەرنەکێشێت بۆ شتی گەورەتر.
هێمن عەبدوڵڵا: زۆر سوپاستان دەکەم رێباز و نامۆ. دەگەڕێمەوە بۆ ئەو سەرەتایەی کە بەرنامەمان پێدەست ێکرد: رۆژهەڵاتی نێوەراست دەکوڵێ، چاوەڕواندەکرێت شەڕەکە فراوانتر بێت وەکو ئێستا رێبازیش باسی کرد. ئەوانەی کە زۆر بەقووڵی لە کێشەکەیان کۆڵیوەتەوە، بەتایبەتی لەم قۆناخەدا وایدەبینن کە تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا تەواو دەبن ئەو گرژییانە هەر بەردەوام دەبن. ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بڕیار دەدات کە ئاییندەی شەڕەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا چیلێدێت. لە تەنیشتەوە دەمەوێ باسی ئەوەشتان بۆ بکەم کە کاریگەری لۆبییەکان - بیستتان لە هاوکارانم نامۆ و رێباز - لەسەر کاریگەری لۆبی ئیسرائیل، ئەو کاریگەرییە گەورەیەی کە هەیەتی، ئێستا گفتوگۆیەک هەیە لە نێو ئەمریکاش لەسەر ئەوەی کە وەک چۆن دەستێوەردانی رووسیا، دەستێوەردانی ئێران، دەستێوەردانی بۆ نموونە چین لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بە بڤە دەزانرێت، رێوشوێنی بۆ دادەنێن کە ئەمە کۆتایی پێبهێنرێ. دەڵێن ئەم شێوازی لۆبیکردنەی ئیسرائیلیش وردە وردە دەچێتە چوارچێوەی ئەو شێوازی دەستێوەردانەی وڵاتانی دیکە لەنێو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و لە دیموکراسییەکەی ئەمریکادا دەیکەن. بۆیە ئەم گۆڕانکارییە هەیە لەم قۆناخەدا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەو دەستە بەهێزانەی کە ئیسرائیل و لۆبی جوو لە نێو ئەمریکا، لە نێو سیاسەتی ئەمریکی، لە ئابووری ئەمریکی، لە هەموو بوارەکانی ئەمریکادا، بەتایبەتی دەتوانین بڵێین تەنانەت لە کەرتی ئینتەرتەینمێنت و کەرتی تەکنەلۆژیادا، ئایا ئەو دەستانە دەکرێت کورت بکرێنەوە یان لە داهاتوودا وەڵامەکە دەزانین. ئەمە ئەمێریکراسی ئەم هەفتەیە بوو. زۆر سوپاستان دەکەم.