چوار قۆڵی - مشتومڕەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و داهاتووی هەرێمی کوردستان

29 May 2023
چوار قۆڵی - مشتومڕەکانی پڕۆژەیاسای بودجە و داهاتووی هەرێمی کوردستان

گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023 – 2024 و 2025 مشتومڕ و ناڕەزایەتی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا، بەتایبەتی کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و سەپاندنی مەرجی قورس و هەندێ کەس بە کش مەلیک وەسفیان کرد، مشتومڕەکانی پڕۆژەیاسایەک و داهاتووی هەرێمی کوردستان مژاری ئەمجارەی بەرانەمی چوارقۆڵی بوون.

زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، لە دەستپێکی قسەکانیدا مەترسییەکانی ئەو گۆڕانکارییانەی باسکرد و گوتی "گۆڕانکارییەکانی نێو پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، واتای کۆتاییهاتن بە قەوارە و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش زیان بە پێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت".
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی" تاوەکو ئێستا باسی بودجەی پێشمەرگە ناکرێت و بودجە پێشمەرگە خراوەتە سەر هێزی وشکانیی عێراق، لەکاتێکدا بودجەی حەشدی شەعبی لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری دانراوە، بۆیە گۆڕانکارییەکان لە پشکی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورن و دەبێت چاکبکرێنەوە".

نەجیبە نەجیب، ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولەکانی 2-3 ی پەرلەمانی عێراق، میوانی قۆڵی چوارەمی بەرنامەی چوارقۆڵی بوو، رایگەیاند بودجەی عێراق نزیکەی 200 تریلۆن دینارە و گلەیی لە کەمی پشکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی" بودجەی هەرێمی کوردستان لەچاو پارێزگاکانی دیکەی عێراق  و تەنانەت هەندێک وەزارەت زۆر کەمە، بۆ نموونە 22 بۆ 25%ی بودجەی عێراق بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکراوە، جگە لەمەش بڕینی نەفەقاتی سیاسیی بودجەی هەرێمی کوردستان کە 12.67 کەمتر دەکاتەوە".

هێزە شیعەکان ئێستا باڵادەست و دەتوانن هەموو ئەو بڕگە و ماددانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەن بە ویستی خۆیان گۆڕانکاریی تێدا بکەن، لەو بارەیەوە، نەجیبە نەجیب گوتی" هەموو هێزە شیعەکان پشتیوانی ئەندامە شیعەکانی لیژنەی دارایی دەکەن، ئەوان بە جیددی هەوڵی بەهێزکردنی ناوەند دەدەن و پێیان قبووڵناکرێت یاسایەک تێبپەڕێنن کە بەلایانەوە ناوەند لاوازبکرێت، بۆیە بە هاوکاری هەندێ ئەندامی کورد گۆڕانکارییان لە پشکی هەرێمی کوردستان کرد و ئەو گۆڕانکارییانەش نادەستووری و نایاسایین و بۆیان ناچێتە سەر".

پەرلەمانتارەکەی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق هۆکاری لاوازبوونی کورد لە بەغدا و ئەو گوشارانەی لەلایەن هێزە شیعەکانەوە دەخرێنە سەر هەرێمی کوردستان هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی یەکڕیزی کورد هەم لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە بەغدا و گوتی" ناتەبایی نێو ماڵی کورد هۆکاری ئەو گوشارانەن کە بەغدا لێمان دەکات و ناتەبایی کورد لە دوای ساڵی 2015 دەستی پێکرد و کاریگەریی زۆر خراپی بەسەر پێگە و ناوبانگ و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، لەکاتێکدا سەیری هێزە شیعەکان بکە ئەوان لەنێوخۆیاندا ناکۆکییان زۆرە، بەڵام کە باس دێتە سەر شیعە هەموویان یەکگرتوون".

عەدنان عوسمان کە چەند ساڵێک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووەو هەروەها ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، پێیوایە ئەگەر ماددەکانی 13 و 14 لە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق وەک ئەوەی لیژنەی دارایی پەسەندی کردووە پەسەند بکرێن، ئەوا هیچ کێشەیەک دروست نابێت و دەڵێت" گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژە یاسای بودجە هەرێمی کوردستانی خستووەتە نێو چوارچێوە یاساییەکەی خۆی، چونکە بەپێی دەستوور زۆربەی دەسەڵاتی ئابووری و سیادی تەنیا لە دەست حکومەتی ناوەندین، هەرچەندە جێبەجێکردنی هەندێ بڕگەی کەمێک زەحمەتە و رۆتینی زۆری دەوێت، بۆ نموونە جێبەجێکردنی داواکاریی پارێزگایەک بۆ وەرگرتنی بودجەی خۆی بەشێوەی راستەوخۆ لە بەغدا زۆر قورسە".

عەدنان عوسمان گوتیشی" بۆچی تاوەکو ساڵی 2014 پەسەندکردنی بودجە کوردایەتی بوو، بۆچی ئێستا پێچەوانەکەیەتی، هەموو ئەو کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە هۆکارەکەی کاردانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتین". دەشڵێت"
خەڵك گوناحی چییە پارتی و یەکێتی یەکڕیزنین و بەهۆی ناتەبایی ئەوانەوە باجەکەی بدەن".

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە کەمال رەئووف گوتی" ئەگەر پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان رازی بووایە نەوت رادەستی حکومەتی ناوەند بکات، ئێستا دەستکەوتی زۆری بەدەستدەهێنا، بەڵام لەکاتێکدا هەموو دەرگاکانی لێداخستی دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە هەرچییەک بە ویستی و حەزی ئەوان بێت تەنیا ئەوەمان پێدەدەن".
کەمال رەئووف دەشڵێت" بە گۆڕانکارییەکانی بودجە مەرگیان پێشانی هەرێمی کوردستان دا، گۆڕانکارییەکانی بودجە واتە کش مەلیک لە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێموایە ئەو گۆڕانکارییانە پەسەند ناکرێن و دەگۆردرێن".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان رایگەیاند، ئەوەی بەسەر هەرێمی کوردستاندا دێت لەلایەن بەغداوە هەمووی بەهۆی ناکۆکیی و ناتەبایی نێوان پارتی و یەکێتییە، دەڵێت "گومان هەیە نیازێکی خراپ لە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هەبێت و ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی مەترسییە گەورەکەیە بەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان".



کەمال رەئووف جەختی لەوەکردەوە تاوەکو پارتی و یەکێتی لەگەڵ یەک تابا نەبن و یەکهەڵوێست نەبن هیچ دەستکەوتێک بەدی نایەت، ئەوەتا یەکێک لەو شتە جوانانەی کە هەرێمی کوردستان شانازی پێوەدەکرد ئاشتی کۆمەڵایەتی بوو لە هەرێمی کوردستان، کەچی ئیستا ئەمیش بەهۆی ناکۆکی نێوانییانەوە کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە".

کەمال رەئووف گوتیشی" پارتی بە لۆژیکی هێز و زۆرینە مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات، بۆیە ئەگەر خەڵك گوشار لە پارتی و یەکێتی نەکەن قەوارەی هەرێم دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، لەکاتێکدا سەرعەرش و ژێرعەرشی هەرێمی کوردستان تەنیا لە دەست پارتی و یەکێتیەوەیە، کەچی خەڵک لەو دۆخە ناخۆشەدا ژیان بەسەر دەبەن".