زیادبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراق و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان

06 October 2022
زیادبوونی شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە عێراق و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان

خۆڵبارین دیاردەیەکی سرووشتییە و هەر وڵاتێک لە رووبەری بیابانی لە خاکەکەیدا هەبێت، دووچاری دەبێتەوە، بەڵام هەندێک هۆکار بوونەتە هۆی زیادبوونی ژمارەی شەپۆلی خۆڵبارینەکان لە عێراق، لەوانە گۆڕانی کەش وهەوا، زیادبوونی بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی. رووبەری بیابانی لە عێراق بە دوو لەسەر پێنجی رووبەری عێراق مەزەندە دەکرێت و دەکەوێتە بەشی باشوور و رۆژئاوای عێراق. ژمارەی شەپۆڵی خۆڵبارینەکان ئەوەندە بووزیاد بووە، کاتێک هەڵدەکەن لە زۆربەی شارەکان پشوو رادەگەیێنرێت.

 

خۆڵبارین جگە لە کاریگەرییە تەندروستییەکانی، کاریگەریی کردووەتە سەر لایەنی ئابووریی هاونیشتمانییان، بە جۆرێک دانیشتووانی شارۆچکەی فاو کە سەرەکیترین سەرچاوەی بژێوییان ماسیگرتنە، لایانوایە رۆژانی خۆڵبارین سەختترین رۆژانی ژیانی ئەوانە، بێئاگا لەوەی خۆڵبارین بۆ ماسییەکان بەسوودە. لە عێراق لە زۆنگاوەکاندا بە هۆی وشکبوونیانەوە بە ئاشکرا هەست بە زیادبوونی رووبەری بیابان دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە زۆنگاوەکان تاکە ناوچەی سرووشتیی پارێزراوی عێراقن. ژیان لە زۆنگاوەکاندا ئەوەندە سەخت بووە بە جۆرێک خەڵک کۆچ دەکەن و گامێشەکانیان دەفرۆشن. دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و لەناوچوونی دارستانەکانی ناوچەی دۆرە لە بەغدا مەترسییەکانی خۆڵبارینەکان زیاتر دەکەن.

 

دوو جۆر رەشەبا کە بەشێکیان سەرچاوەکەیان لەناو عێراق و بەشەکەی دیکەیان لە سوریا و سعودیەیە، کاتێک بەسەر ناوچە بیابانییەکاندا هەڵدەکەن تۆزی ئەو ناوچانە لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن و بە دووریی هەزاران کیلۆمەتر دەیگوازنەوە.

 

هەرێمی کوردستان رووبەری بیابانیی نییە، بەڵام بە هۆی ئەوەی پلان بۆ پاراستنی دارستانەکان نییە، ئێستا تەواوی ناوچەکانی کەوتونەتە ژێر کاریگەریی خۆڵبارینەوە.

 

شارەزایانی ژینگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیان وایە دەبێت لە عێراق رووبەرە بیابانییەکان لە رێگەی تەنۆلکەی نانۆییەوە جێگیر بکرێن و، لە هەرێمی کوردستانیش دارستانە سروشتییەکان بپارێزرێن و دارستانی دەستکرد دروست بکرێن.