پیسبوونی ئاوی رووباری تانجەرۆ و خاوێنکردنەوەی لە رێگەی تەکنەلۆجیای بایۆریمیدەیشن

05 January 2023
پیسبوونی ئاوی رووباری تانجەرۆ و خاوێنکردنەوەی لە رێگەی تەکنەلۆجیای بایۆریمیدەیشن

شاری سلێمانی کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە 700 هەزار کەس دەبێت بە هۆی نەبوونی سیستەمی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوی ماڵان، پاشەڕۆکەی بووەتە مەترسی بۆ رووباری تانجەرۆ لە باشووری رۆژئاوای شاری سلێمانی. رووباری تانجەرۆ لە یەکگرتنی هەردوو چەمی قلیاسان و کانی بەن لە نزیک گوندی کانی گۆمە پێکدێت و درێژییەکەی 58 کیلۆمەتر دەبێت و دەرژێتە دەریاچەی دەربەندیخان و دواتر بۆ رووباری سیروان.

ئەم رووبارە بە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی دانیشتووانی ناوچەی تانجەرۆ دادەنرێت،کە ناوچەیەکی پیشەسازییە و 7 کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی پارێزگای سلێمانی، بەڵام بە هۆی بوونی رێژەیەکی زۆری کارگەی نایاسایی و بێ مۆڵەت لەگەڵ پاشەڕۆی ئاوی ماڵانی پارێزگای سلێمانی، ئاوی ئەم رووبارە کوالێتییەکەی لە دەستداوە و بەجۆرێک تەنانەت ناتوانرێت بۆ کشتوکاڵیش بەکاربهێنرێت.

 بە پێی تویژینەوە زانستییەکان لە زانکۆی کەرکووک لە ساڵی 2012 ەوە سەلمێنراوە ئاوی رووباری تانجەرۆ پیسە و تا ئێستاش ئەم پیسبوونە بەردەوامە، بەجۆرێک رووبارەکەی لە سەرچاوەیەکی سروشتی گۆڕیوە بۆ رووباری پاشەڕۆی ئاوی ماڵانی سلێمانی. 

ژینۆ خالید لە کۆلیژی زانستە سروشتییەکانی زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 2016 ەوە کار لەسەر خاوێنکردنەوەی ئاوی رووباری تانجەرۆ دەکات لە رێگەی تەکنەلۆجیای بایۆریمیدەیشن.

تەکنەلۆجیای بایۆریمیدەیشن تەکنەلۆجیایەکی دۆستی ژینگەیە و بەسوود وەرگرتن لە زینەدەوەر و وردە زیندەوەر کە بۆ ماویەکی دیاریکراو دەخرێنە ناو  ئەو حەوزەی ئاوە پیسەکەی تێدەکرێت، هەڵدەستن بە هەڵمژینی کانزا قورسەکان کە لە ئاوە پیسەکەدا هەن و بۆ گەشەی ئەوان پێویستن، ژینۆ خالید لەم توێژینەوەیە سوودی لە هەر یەکە لە قەوزە و گیا مراوی وەرگرتووە، بە جۆرێک دوای مانەوەی پازدە رۆژ لە ناو ئاوە پیسەکە و بە پێی ستانداردەکانی پێوانی کوالێتی ئاو بۆ ئاودێری قەوزەکە توانی بگاتە 28 و گیامراوییەکەش توانی بگاتە 36، ئەمە لە کاتێکدایە بە پێی ئەم ستانداردە ئەگەر کوالێتی ئاوەکە لە نێوان 19 بۆ 32 بێت دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئاودێری.

سەرباری ناوەندە زانستییەکان، رێخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیش کاری لەسەر دەکەن، لەوانە رێکخراوی پارێزەرانی ئاوی عێراق- کوردستان بە درێژایی هاوینی ساڵی 2022 کاری لەسەر دەستنیشانکردنی مەترسییەکانی سەر ئاوی رووباری تانجەرۆ کردووە و توانیویانە 245 مەترسی دەستنیشان بکەن و تائێستاش بەردەوامن لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر  مەترسییەکانی سەر ئەم رووبارە.