2050 - مەترسی کەمی رێژەی سەوزایی لە شارەکاندا

03 November 2022
2050 - مەترسی کەمی رێژەی سەوزایی لە شارەکاندا

رێژەی سەوزایی بە بنچینەیەکی سەرەکیی گەشەسەندنی بەردەوامی هەر شارێک دادەنرێت و بەپێی ستاندارد پێویستە رێژەی سەوزایی هەر شارێک 25% بێت. ئەم رێژەیە لە هەر گەڕەکێکیش پێویستە هەبێت، بەڵام بەپێی دوایین رووپێویی سەوزایی هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2015 کراوە، رێژەی سەوزایی ناوەندی پارێزگای هەولێر 7.25٪ـە.

کەمیی رێژەی سەوزایی مەترسیی گازە گەرمکەرەکان، هۆیەکانی گواستنەوە، نەخۆشییە درێژخایەن و باوەکان و کارەساتە سرووشتییەکان زیاتر دەکات.

بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەر شارێک لە رێگەی دروستکردنی پارکەوە سەرپەرشتیی زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەکات. ئێستا نزیکەی 20 پارک لە شاری هەولێردا هەن. چەندان دار و چیمەن و گوڵی جۆراوجۆر روێنراون کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە کراون. ئەمەیش مەترسییەکانی کەمئاوی زیاتر دەکات، چونکە بەشێک لەو دارانە پێویستییان بە رێژەیەکی زۆری ئاوە.

دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ رێگەوە کار بۆ پاراستن و زیادکردنی رێژەی سەوزایی دەکات، کە بریتین لە:

  1. بڕگەی چوار لە ماددەی 31 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008 تایبەت بە پاراستنی سرووشتی هەرێمی کوردستان ئەوەی قەدەغە کردووە کە هەرکەسێک زیان بە سرووشت بگەیەنێت. هەرکەس زیان بە سرووشت بگەیەنێت پێویستە لە رێگەی پێبژاردنەوە تووشی سزایی یاسایی ببێتەوە.
  2. هەر پرۆژەیەک کە لە حکومەت هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کارکردن وەردەگرێت، پێویستە بەپێی رووبەرەکەی 25%ـی بکاتە سەوزایی.
  3. پرۆژەی لە بری سەوزکردن، ئەم پرۆژەیە تایبەتە بەو پرۆژانەی کە پێشتر 25%ـی رووبەریان نەکردووەتە سەوزایی و ناچار دەکرێن لە شوێنیکی دیکە بە هاوئاهەنگیی وەزارەتەکان تێچووی ئەو زیادکردنی رێژەی سەوزاییە بگرنە ئەستۆ.

بەپێی توێژینەوەیەک کە ساڵی 2019 لە زانکۆی سەڵاحەدین کراوە، پێشبینی کراوە ئەگەر بە درێژایی شەقامی 120 مەتریی هەولێر بکرێتە سەوزایی، ئەوا رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکەدا دەبێتە 20%.

لە هەرێمی کوردستانیش لە بواری ژینگە و سەوزکردندا رێکخراوی کارا هەن، لەوانە رێکخراوی هەسار کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگەدا سەرپەرشتیی چاندنی پرۆژەی ملیۆنێک بەڕوو دەکەن کە لە قۆناغی یەکەمدا 60 هەزار نەمامی بەڕوویان چاندووە لە شەقامی 120 مەتریی هەولێر. لەم پرۆژەیەدا هەوڵ دراوە سوود لە دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەی ئاوی ماڵان وەربگیردرێت. بەپێی پلانی ئەم پرۆژەیە تاوەکو ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک بەڕوو دەڕوێنن.