سەرچاوەو رێژەی پاشماوەی خۆراک لە ژینگەی هەولێر

12 January 2023
سەرچاوەو رێژەی پاشماوەی خۆراک لە ژینگەی هەولێر

پاشماوەکان بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێن لەسەر ژینگە، بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەم مەترسییە زیاترە بەهۆی ئەوەی گۆڕانەکانی کەش و هەوا تێیدا خێراترن.

رۆژانە لە هەولێر 650 ئۆتۆمبێلی زبڵکۆکردنەوە زبڵ و خاشاک لە شەش شارەوانی نێو هەولێر و هەروەها نۆ شارەوانی دەرەوەی هەولێر کۆدەکەنەوە و لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە باکووری رۆژئاوای شاری هەولێر ژێر خاک دەکرێت.

بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژانە دوو هەزار تۆن پاشماوە لە هەولێر کۆدەکرێتەوە و لەو پاشماوەیە 650 تۆنی پاشماوەی خۆراکە و تائێستا سوود لە هیچ کام لە پاشماوەکانیش وەرناگیرێتەوە و تەنانەت پاشماوەی خۆراکی بەهۆی ئەوەی پێکهاتەکەی ئەندامییە و تێکەڵکردنی لەگەڵ پاشماوەکانی دیکە، هۆکارێکە بۆ ئەوەی نەتواندرێت سوود لە پاشماوەکانی دیکەش وەربگیرێت.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەدا کە لەسەر رووبەری 300 دۆنم کاری ژێرخاککردنی پاشماوەکان دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی داهاتوو لە هەولێر گەورەترین کارگەی ریسایکلکردنی پاشماوەکان دەکەوێتە کار.

هەر تاکێک لە هەولێر رۆژانە کیۆلۆیەک و سەد گرام پاشماوەی هەیە، لە هەولێر رۆژانە 650 تۆن پاشماوەی خۆراک کۆدەکرێتەوە و هەفتانەش چوار هەزار و 500 تۆن پاشماوە کۆدەکرێتەوە و بۆ هەر مانگێکیش رێژەکەی دەبێتە 19 هەزار و 500 تۆن پاشماوەی خۆراک، بۆ هەموو ئەو پاشماوەیە مانگانە 100 ملیۆن دیناری عێراقی پێویستە تەنیا بۆ ئەوەی ژێر خاک بکرێت.

ئەم پاشماوەیە لە ماڵان، رێستۆرانتەکان، شوێنە گشتییەکان و ناوەندەکانی فرۆشتن کۆدەکرێتەوە بە جۆرێک 40٪ی ئەو پاشماوە خۆراکییە سەوزە و میوەیە و 20٪ی لە شوێنی کڕین و فرۆشتنەوە دەبێت، بە هۆی کوالێتی بەرهەم، شیوازی هەڵگرتن و گواستنەوەی. لە کوشتارگەی هاوچەرخی  هەولێر رۆژانە 40 بۆ 45 تۆن گۆشت دەنێردرێتە نێو بازاڕ و هیچ کام لە پاشماوەکان لێرە بەکارناهێندرێنەوە.

پاشماوەی خۆراک دەتوانرێت بەکاربهێنرێتەوە و پەینێکی تەواو سروشتی لێدروست بکرێت بۆ گەشەی رووەک سوودی لێوەربگیرێت، بە جۆرێک لە 100 کیلۆگرام پاشماوەی خۆراک دەتوانرێت 15 بۆ 25 کیلۆگرام پەینێکی تەواو سروشتی دروست بکرێت. هەروەها دەتوانرێت بایۆگازیشی لێ بەرهەمبهینرێت بەجۆرێک لە یەک تۆن پاشماوەی خۆراک دەتوانرێت 20 مەترسێجا بایۆگاز بەرهەمبهێنرێت.

هەبوونی ئەو رێژە زۆرەی پاشماوەی خۆراک لە هەرێمی کوردستان مەترسی دەبێت بۆسەر سەرچاوەی خۆراکی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی عێراقیش چونکە هەرێمی کوردستان بە هۆی هەڵکەوتەکەی بە سەبەتەی خۆراکی عێراق دادەنرێت و بەردەوامی ئەم بەفیڕۆچوونە مەترسییەکانی برسیبوونیش زیاتر دەکات.