مەترسی کێڵگە مینڕێژکراوەکان لەسەر سروشتی شاخەکانی هەرێمی کوردستان
شاخ لە سیستەمی ژینگەیی هەرێمی کوردستان پێکهاتەیەکی سەرەکییە و بەشی زۆری شاخەکانی هەرێمی کوردستان بەرزییان لە نێوان 1500 بۆ 2500 مەتر دەبێت، بەهۆی ئەو جەنگە یەک لە دوای یەکانەی هەرێمی کوردستان کە رووبەڕوویان بووەتەوە بەشی زۆری سنووری ناوچە شاخاوییەکان بە مین داپۆشران و رێژەییان 2942 کێڵگەی مینڕێژکراو دەبێت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
گوند نشینەکان بەهۆی نزیکیان لە سنوری گێڵکە مینڕێژکراوەکان بوونەتە گەورەترین قوربانی، هەروەها ئەم کێڵگانە بوونەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی بەجۆرێک بەشێک لە شاخەکانی هەرێمی کوردستان نەتوانراوە توێژینەوی زانستیان لەسەر ئەنجام بدرێت.
ئەو میکانیزمەی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت بۆ خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینڕێژکراوەکان تەنیا بەشێکە لە چارەسەر، بەڵام تەقاندنەوەی مینەکان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی کانزا قورسەکان لە ناو خاک و رەگەزەکانی دیکە ژینگە کە پێویستە دووبارە پاک بکرێنەوە.
کێڵگە منڕێژکراوەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەن عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە ریزبەندی پێنجەمین وڵاتانی جیهان دێن کە زۆرترین قوربانیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆتاوا کە پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان بۆ ساڵی 2028 لە کێڵگە مینڕێژکراوەکان پاک بکرێنەوە، کەچی پێشبینی ناکرێت کێڵگە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتە پاک بکرێنەوە.