کاریگەری پەروەردە لەسەر پەروەردەی ژینگەیی

29 December 2022
کاریگەری پەروەردە لەسەر پەروەردەی ژینگەیی

کاریگەری پەروەردە لەسەر پەروەردەی ژینگەیی

پەروەردە بە رێگەیەکی بنچینەیی دادەنرێت بۆ پەروەردەکردنی نەوەکانمان لەسەر بنەمایەکی ژینگەیی، بە جۆرێک وڵاتە پێشکەوتووەکان  لە گرنگیدان بە ژینگە 15% سیستەمی پەروەردەیان پەیوەستە بە بابەتی ژینگەیی.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان پەروەردە رێگەیەکی خێرا دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و پارستنی ژینگە. لە ساڵی 2022 دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامیلکەیەکیان دروست کردووە بە مەبەستی دروستکردنی رێبەری ژینگەیی لە هەموو قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو نامیلکەیە بگەیەنرێتە هەموو قوتابخانەکان.

پەروەردەکردنی منداڵەکانی گوندەکان دەبێتە هۆکار بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکانی سەر شارەکان. لەم بەرنامەیەدا قوتابخانەی دەرگەڵەی بنەڕەتیی تێکەڵاومان لە دەڤەری سۆران وەرگرت. لەگەڵ منداڵەکان باسمان لە گرنگیی ژینگە و پاراستنی کرد، دواتر بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان منداڵەکان و زیندەوەری دیکەی وەکو ماسی باسمان لە ژینگەی ماسی کرد و، منداڵەکان ئاماژەیان بەوە دا کە پاشماوە فڕێدراوەکانی ناو سەرچاوەکانی ئاو دەبنە هۆکاری لەناوچوونی ماسییەکان.

بۆیە  لەگەڵ منداڵەکان بڕیارمان دا سەرچاوەیەکی ئاوی سرووشتیی گوندەکە پاک بکەینەوە تاوەکو منداڵەکان کاریگەریی پاکڕاگرتنی رەگەزەکانی ژینگە، لەوانە  ئاو، بزانن.

لە قۆناخی دواتردا قوتابخانەی دواناوەندیی سۆرانی تێکەڵاومان لە ناو شاری سۆران وەرگرت. لەم قوتابخانەیە لە رێگەی چالاکیی وێنەکێشانەوە هەوڵمان دا بزانین کە منداڵەکان دەیانەوێت لە چ جۆرە ژینگەیەکدا بژین. دەرکەوت لە کۆی 36 قوتابی تەنیا شەش دانەیان چیرۆکی جیاوازیان هەبوو. هەموو منداڵەکان حەزیان دەکرد لە ژینگەیەکی تەواو سەوز و پڕ لە دار و درەختدا بژین.

رەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگە کە سەرپەرشتی نووسین و ئامادەکردنی ئەو نامیلکە ژینگەییە دەکات، ئاماژەی بەوە دا، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو ملیۆن قوتابی هەن، پەروەردە باشترین رێگە دەبێت کە بتوانرێت رێژەیەکی زۆری کەسایەتیی ژینگەدۆست لە کۆمەڵگەدا پەروەردە بکرێن.

کاروان محەممد، مامۆستا و توێژەر لە زانکۆی سۆران کە خەریکی توێژینەوەیەکە لەسەر کاریگەریی پەروەردە لەسەر پەروەردەی ژینگەیی، ئاماژەی بەوە دا، دوای نزیکەی شەش ساڵ لە کاری مامۆستایی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەگەر لە سیستەمی پەروەردەوە کار لەسەر پەروەردەیەکی ژینگەیی نەکەین، ئەوا نەوەکانمان دەبنە مەترسی بۆ سەر گۆی زەوی.