هۆکار و مەترسییەکانی دروستبوونی "ئۆزۆنی خراپ"

27 October 2022
هۆکار و مەترسییەکانی دروستبوونی "ئۆزۆنی خراپ"

گازی ئۆزۆن دوو جۆری هەیە، جۆری یەکەمییان پێی دەگوترێت ئۆزۆنی باش کە لە چینی ستراتۆسفیر بە سرووشتی لە دووریی 3 بۆ 6 میل لە دەوری گۆی زەوی هەیە و  زەوی لە تیشکە زیانبەخشەکانی خۆر دەپارێزێت. جۆری دووەمیان لە رێگەی کار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە لە بەرگەهەوای گۆی زەویدا دروست دەبێت و پێی دەگوترێت ئۆزۆنی خراپ.

گازی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کە لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل و مەوەلیدە و کارگەکانەوە دەردەدرێت لەگەڵ ماددە ئەندامییە هەڵواسراوەکانی هەوا بە هەبوونی گەرمیی تیشکی خۆر یەکدەگرن و گازی ئۆزۆنی خراپ پێکدەهێنن و بەشێوەی هەورێکی رەش لە ئاسمانی شارە گەورەکاندا دەردەکەوێت.

هەولێر پێویستی بەوەیە پێنج ناوەندی پێوانی کوالیتیی هەوای تێدابێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دانەیەک هەیە و ئەو دانەیش لە ساڵی 2016ـوە کار ناکات، بۆیە نە دەتوانرێت خەڵکی پێ ئاگادار بکرێتەوە نە دەیشتوانرێت داتاکان بە دروستی تۆمار بکات. ئەمەیش مەترسییەکانی گازە گەرمکەرەکان لەسەر سرووشت و دانیشتووانی هەولێر زیاتر دەکات.

بە پێی توێژینەوەیەک کە رێخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی بە پشتبەستن بە داتاکانی ساڵانی 2015 و 2016 لەسەر کوالیتیی هەوای کوردستان و هەولێر کردوویەتی، دەردەکەوێت رێژەی گازی ئۆزۆنی خراپ ئەوەندە زۆرە کە مەترسیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە، چونکە بە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشی رەبۆ دادەنرێت.

لە سرووشتدا هەموو زیندەووەران لێک دانەبڕاون، بۆیە ئەم گازە کاریگەریی لە سەر گیانەوەر و رووەکەکانیش دەبێت.

 

لە هەولێر سەرەڕای کەمیی رێژەی سەوزایی، زۆریی ئەم گازە بووەتە هۆکاری لاوازیی گەشەی رووەکەکان، بۆیە گرنگە پێش هەر هەڵمەتیکی چاندن رەچاوی رێژەی گازی ئۆزۆنی خراپ بکرێت.