2050 - کێشە پاییزییەکانی هەنگ و کوالیتیی هەنگوینی کوردستان

20 October 2022
2050 - کێشە پاییزییەکانی هەنگ و کوالیتیی هەنگوینی کوردستان

 

هەنگ لە پاراستنی سیستەمی ژینگەدا بە زیندەوەرێکی گرنگ دادەنرێت، بەڵام بە هۆی کار و چالاکییەکانی مرۆڤەوە کە بووەتە هۆی خێراکردنی گۆڕانەکانی کەش و هەوا، 40%ـی هەنگ لە جیهاندا لەنێو چوون.

لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییزدا هەنگ دوچاری کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە، لەوانە: نەبوون و کەمیی هەڵاڵە، نەخۆشیی ڤاروا و هەبوونی زەردەواڵە کە پێویستە هەنگەوان لە رێگەی چارەسەری سرووشتییەوە چارەسەریان بکات.

جوگرافیا و کەش و هەوای هەرێمی کوردستان لەبەر سێ هۆ بە شوێنێکی گونجاوی بەخێوکردنی هەنگ دادەنرێت کە بریتیین لە:

  1. جیاوازیی پلەی گەرمیی نێوان شەو و رۆژ کە زۆر بەرزە.
  2. هەڵکەوتەی ناوچەکە کە هۆکارە بۆ روانی رووەکی جۆراوجۆر.
  3. بارانبارین بە رێژەی دیاریکراو، بەبێ ئەوەی ساڵانە جیاوازییەکی زۆری بکەوێتە نێوان.

هەنگ دەتوانێت بەرگەی گەرمای 45 پلەی سیلیزی و 2 پلە خوار سفر بگرێت، بۆیە لە کوردستاندا هەنگ لە شوێنی جیاواز بەخێو دەکرێت.

ئەمسال بە هۆی گۆڕانی کەش و هەواوە بەرهەمی هەنگوینی گەرمیان لە کوێستان زیاتر بوو، بەهۆی ئەوەی لە کاتی لێشاوی شیلەی گوڵدا لە وەرزی بەهاردا بارانێکی زۆر نەباریوە و هەنگەوانەکانی گەرمیان کەمتر پشتیان بە گوڵە کێوییەکان بەستووە، بەڵکو پشتیان بە گوڵی دارەکانی کنار و کالیپتۆس بەستووە.

بۆ دڵنییابوون لە کوالێتیی هەنگوین، تاقیگەی زانستی باشترین شوێنە. لە زانکۆی سەڵاحەدین لە دوو رۆژدا حەوت پشکنین بۆ هەنگوینەکە دەکرێت. تاوەکو ئێستا هەنگوینەکانی کوردستان لە جۆرە هەرە باشەکانی رۆژهەلاتی ناوەراست و جیهان بوون، بەڵام هێنانی هەنگ و هەنگوینی ساختەی وڵاتانی دراوسێ بە مەترسی دادەنرێت لەسەر لە ناوچوونی هەنگی کوردی و ساخنەبوونەوەی بەرهەمی هەنگوینی خۆماڵی.

لە هەرێمی کوردستان 700 هەزار پوورەی هەنگ هەیە و هەر پوورەیەکی هەنگ بە پێی ستاندارد 10 شانەی تێدایە و هەر شانەیەکیش دوو بۆ چوار کیلۆ هەنگوینی هەیە.

 بە لەناوچوونی هەنگ تەنیا هەنگوین لە دەست نادەین، بەڵکو لە 75%ـی بەرهەمە خۆراکییەکان لە دەست دەدەین کە هەنگ لە رێگەی کرداری پەڕینەوە تۆوەکەی دەگوازێتەوە.