گرنگیی داربەڕوو لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوادا
داربەڕوو 90%ی دارستانەکانی کوردستان پێکدەهێنێت و رەسەنترین داری هەرێمی کوردستانە. بە پێی توێژینەوە زانستییەکانیش دارە رەسەنەکان بەهێزترین دارن بۆ رووبەرووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەش و هەوا. تیمێک لە دامەزراوەی رووەکی کوردستان لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر پاراستن و دووبارە بووژاندنەوەی دارستانەکانی بەڕوو دەکەن.
داربەڕوو دارێکی بەهێزە و دەتوانێت لە کەش و هەوای جیاوازدا گەشە بکات. لە بەرزیی کەمتر لە 400 مەتر لە ئاستی رووی دەریا ناتوانرێت گەشەی پێبدرێت، هەروەها تا بەرزیی 2000 مەتر لە ئاستی رووی دەریا دەتوانرێت ببینرێت.
دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بە سییەکانی بەرهەمهێنانی گازی ئۆکسجین و هەڵمژینی گازی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن دادەنرێن. بەڵام لەناوچوون و نەپاراستنی دارستانەکان بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت، چونکە جۆراوجۆریی زیندەوەری و کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە.
لە دیارترین ئەو رووداوانەی لەسەر دارستانەکانی بەڕوو بە مەترسی دادەنرێن بریتین لە بڕینەوەی دارە بەتەمەنەکان، بەکارهێنانیان بۆ خەڵووز دروستکردن، بڕینەوەی زۆری لقوپۆپەکانی دارەکە لە لایەن ئاژەڵدارەکانەوە، هەروەها تۆپبارانکردنی سنوورەکان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە.
نزیکەی 450 جۆری جیاوازی بەڕوو لە جیهاندا هەن و پێنجیان لە هەرێمی کوردستانن. جۆری یەکەمیان ئەیجیلۆپسە کە لە ناوخۆماندا بە بەڕوو ناو دەبرێت.
ئەم جۆرە لە هەموو جۆرەکانی دیکە باوترە و لە زۆربەی ناوچەکان دەبینرێت. جۆری دووەمیان ئینفیکتۆریایە یاخود مازوو کە لە بەرزیی 700 مەتر لە ئاستی رووی دەریا دەبینرێت و بەرەکەی لە بەری بەڕووەکانی دیکە تەواو جیاوازە.
جۆری سێیەمیان کە مەترسیی لە ناوچوونی لەسەرە و لە هەرێمی کوردستاندا تەنیا حەوت دانەی لێ ماوەتەوە بریتییە لە بەڕووی قەوقازی (شادار)، یاخود مەکرانسێرا کە تەنیا لە شاخی حەسەن بەگ دەبینرێت، پێویستە ئەم دارانە لەیبڵ بکرێن تاوەکو کار بۆ پاراستن و زیادکردنیان بکرێت.
جۆری چوارەمیان بریتییە لە بەڕووی لوبنانی یاخود دارەسۆر کە لە بەرزیی 1700 مەتر لە ئاستی رووی دەریا دەبینرێت.
جۆری پێنجەمیان بریتییە لە جۆرێکی تێکەڵ کە بەهۆی تێکەڵەپەڕینەوە لەنێوان مازوو و شادار یاخود مازوو و دارەسۆردا دروست. دەبێت ئەم جۆرەیان کەمتر بەرگەی گۆڕانی کەش و هەوا دەگرێت.
بەڕوو گەشەیەکی هێواشی هەیە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی وادەکەن لە کاتی زیادکردنی رێژەکەیدا لە رووی ئابوورییەوە بە خەرجییەکی کەمتر، رووبەڕووی گۆڕانەکانی کەش و هەوا ببینەوە کە بە دوو جۆر دەکرێت، ئەوانیش بریتیین لە دەنک و شەتڵ. رێگەی شەتڵکردنەکە دڵنیاییەکی زیاتر بە پرۆسەی چاندنەکە دەدات.