کۆنگرەی سێزدەی پارتی

09 November 2022
کۆنگرەی سێزدەی پارتی

چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆنگرەی 13 ی پارتی لە بەرنامەی 14 خولەکی رووداو رایگەیاند، لەدوای رووداوی یەکی شوبات بۆشاییەک لە سەرکردایەتیی پارتی دروست ببوو، بەڵام لە کۆنگرەی 13 کۆمەڵێک سەرکردەی نوێ شوێنی سەرکردە شەهیدەکانی گرتەوە و بۆشاییەکان پڕکرانەوە.

چنار سەعد عەبدوڵڵا روونیکردەوە مژارێکی کۆنگرەی 13ی پارتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بوو و گوتی"لە کۆنگرەی 13 دا باسی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا گەنگەشەکرا و باسی ئەوە کرا ئەگەر کورد بە ئارامی لە عێراقدا نەژی، پەنا دەباتە بەر سەربەخۆیی و دوای کۆنگرەش پارتی هەنگاوی بەرەو سەربەخۆیی نا"

سەبارەت بە پرسی ژنان لە نێو پارتی، چنار سەعد عەبدوڵڵا گوتی"پارتی لە پرسی گرنگیدان بە ژنان پارتی سەرقافڵە بووە و لە کۆنگرەی چوار بۆ یەکەمجار ژنێک بە هەڵبژاردن بووە ئەندامی لیژنەی پشکنین و چاودێری و لە شەستەکانی سەتەی رابردوو ناهیدەخان وەک ژنێک بووە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و لە کۆنگرەی 13 شدا پێنج ژن وەک سەرکردایەتیی پارتی هەڵبژێردران و ژنێکیش بە یەدەگ" گوتیشی"کۆمەڵگەی ئێمە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بڵێین پێویستمان بە رێژەی کۆتای ژنان نییە و دەمانەوێ رێژەکە لە کۆنگرەی 14 زیاتر بکەین".