100 کورسی - کشتوکاڵ

100 کورسی - کشتوکاڵ
بەرنامەی ئەمجارەی (100 کورسی)ی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری سلێمانی بوو؛ تێیدا چوار بەربژێری پارتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بۆ بەرهەمی جووتیاران بەشداربوون.

بەشداربووەکانی بەرنامەکە بریتی بوون لە بارزان شێخ محەممەد، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان؛ چرا شەماڵ، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان؛ سالار بازیانی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و عوسمان زیندانی، بەربژێری 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان.

بەرنامەکە لەلایەن رەنج سەنگاوی پێشکێش دەکرێت و گفتوگۆکەی بەو پرسیارە دەستپێکرد، "بەربژێران چی پلانێکیان لە بەرنامەی کاریان بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی خۆراک بۆ چوار ساڵی داهاتوو لە پەرلەمانی کوردستان هەیە؟"

"پاڵپشتیکردنی جووتیاران و وەبەرهێنەران"

چرا شەماڵ، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، وەک پارتی لە پلانیاندایە لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا پرۆژەیاساییەک پێشکێش بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری جووتیاران و وەبەرهێنەران و گوتیشی، "هەوڵی کەمکردنەوەی باج لەسەر جووتیاران و وەبەرهێنەران دەدەین و کاریش دەکەن بەنرخێکی گونجاو ئاو و کارەبا بۆ جووتیاران دابین بکرێت."

ئەو بەربژێرەی بازنەی سلێمانی لیستی پارتی گوتی، "پێویستە هانی خەڵک بدرێت خواستی لەسەر بەرهەمە نێوخۆییەکان زیاتر بێت. پارتی بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ هەیە. ئەوەش لەدوای ئەو کارانەی لە کابینەی نۆیەمدا 
لەو کەرتەدا کران و کابینەی نۆیەم لەوە تێگەیشتووە تەنیا نابێت پشت بە نەوت ببەستین."

چرا شەماڵ باسی لەوەش کرد ،گوندنشینان ناڕازین لەوەی رێگەوبانێکی باشیان نییە و گوتیشی،"بەدابینکردنی خزمەتگوزارییەکان گەنجان ناچارنابن کۆچ بۆ شار بکەن. بە بووژاندنەوەی گوندەکان دەستی کاری نێوخۆیی زیاتر دەکەین". ئەو بەربژێرەی پارتی باسی لەوەش کرد، نابێت رێگەبدرێت لەمەودوا زەوییە کشتوکاڵییەکان پڕۆژەی نیشتەجێبوونیان لەسەر بکرێت.

"سیاسەتی گەڕاندنەوە بۆ گوندەکان"

سالار بازیانی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گوتی، هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەی جووتیارییەوە گۆڕدراوە بۆ کۆمەڵگەیەکی فەرمانبەری و ئێستا کۆمەڵگەیەک هەیە کە بەرهەمی کەمە.

ئەو بەربژێرەی یەکێتی لە بازنەی سلێمانی گوتی، "بۆ پێشخستی کەرتی کشتوکاڵ، دەبێت کێشەی گوندەکان چارەسەر بکەین، چونکە نەمانتوانیوە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان باش جێبەجێ بکەین. پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەوتی زیانێکی زۆری بە 
گوندەکان و کەرتی کشتوکاڵ گەیاندووە. دەبێت کاری گەورەی پەرلەمانتاران ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان بێت. بەشێکی زۆری کوردستان بووەتە باخێکی بێ بەرهەم، ئەمەش لەئەنجامی گرنگینەدان بە گوندەکان کە وایکردووە کۆچێکی گەورە 
بۆ شارەکان دەستیپێکردووە."
سالار بازیانی هەروەها رایگەیاند،" دەبێت حکومەت قەناعەتی پێ بکرێت بودجەیەکی گەورە بۆ کشتوکاڵ دابنێت."

"نزیکەی 18 ملیۆن دۆنم زەوی ئاوی نییە"

بارزان شێخ محەممەد، بەربژێری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان پێش ئەوە ناوچەیەکی نەوتی بێت ناوچەیەکی کشتوکاڵییە، بەڵام کێشەی کەم ئاوی و بەڕێوەبەردنی ئاوی هەیە.
ئەو بەربژیرەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، "نزیکەی 18 ملیۆن دۆنم زەویمان هەیە. ئاوی پێویستمان نییە. بۆیە لە پەرلەمانی داهاتوودا هەوڵدەدەین حکومەت 
زۆرترین بەنداو و گۆم دروست بکات."

بارزانی شێخ محەممەد گوتیشی، "حکومەت لە سنووری سلێمانی 150 شوێنی بۆ بەنداو و گۆم دیارییکردووە، بەڵام بودجەی تایبەتی بۆ کەرتی کشتوکاڵ نییە. لە پەرلەمان داوا دەکەم وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان دروست بکرێت."

ئەو بەربژێرەی بازنەی سلێمانی لەسەر لیستی گۆڕان باسی لە گرنگی بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، "بۆ بەرهەمی کوردستان بازاڕی نێوەڕاست و باشووری عێراق زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ 
ئەوەش حکومەتی عێراق رێگری لە چوونی بەرهەمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات."

"سنووردانان بۆ هاوردەکردن"

عوسمان زیندانی، بەربژێری حیزبی شیوعی لەنێو هاوپەیمانتی هەرێمی کوردستان، باسی لە گرنگی کەرتی کشتوکاڵ بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "کشتوکاڵ بەردی بناخەی ئابوورییە. کەرتی کشتوکاڵ پەرەی پێبدرێت هەلی کار 
دەڕەخسێنێت و حکومەت لەو قەیرانە رزگار دەکات کە تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت."

ئەو بەربژێرەی هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان لە بازنەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو یاسایانەی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵن، پێویستیان بە هەموارکردنەوەیە یانیش پێویستیان بە جێبەجێکردنی تەواو هەیە کە تائێستا نەکراون.

ئەو بەربژێرە گوتیشی، "یاسای پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی نێوخۆ پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە. یەکێک لە هەوڵەکانم هەموارکردنەوەی ئەو یاساییە دەبێت. لەگەڵ ئەوەش دەبێت یاسای وەبەرهێنانیش هەموار بکرێتەوە."

عوسمان زیندانی هەروەها رایگەیاند، "دەبێت بەدابینکردنی پێداویستییەکان، پاڵپشتی لە جووتیاران بکرێت؛ هەروەها دەبێت سنوورێک بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی دابنرێت. پێویستیشە هاوسەنگی لەنێوان بەروبوومی ناوخۆیی و دەرەکیدا 
هەبێت."

"ستەم لە کەرتی کشتوکاڵ دەکرێت"

لە کۆتایی بەرنامەی (100 کورسی) ئەمجارەدا د. دیدار عەبدولکەریم، مامۆستای زانکۆ لەبارەی گفتوگۆی نێوان بەربژێرەکان رایگەیاند، بەربژێرەکانی مژاری گرنگیان وروژاند و گوتیشی، "لە هەرێمی کوردستان، کەرتی کشتوکاڵ ئەو کەرتەیە زۆر ستەمی لێکراوە و پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کەرتی کشتوکاڵ پێشبخەن."

ئەو پسپۆڕەی کەرتی کشتوکاڵ گوتی، "یەکێک لە گرفتەکانی جووتیاران، دۆزینەوەی بازاڕێکی گونجاوە بۆ بەرهەمەکەیان. بەبازاڕکردنی بەرهەمی ناوخۆیی دەکرێت بە یاسا رێکبخرێت؛ هەروەها دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەوەی جووتیار بکەینەوە بە 
چەقی بەرهەم هێنان."

د. دیدار عەبدولکەریم داوای کرد پەرلەمانتارانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کار بۆ سەرژمێریکردنی جووتیاران بکەن، "چونکە ئامارێکی ورد نییە کێ جووتیاری راستەقینەیە لە هەرێمی کوردستان."