100 کورسی - پەرلەمانی داهاتوو چی بۆ مافی کوردستان لە سیستەمی فیدراڵیدا دەکات؟

100 کورسی - پەرلەمانی داهاتوو چی بۆ مافی کوردستان لە سیستەمی فیدراڵیدا دەکات؟
پێنج بەربژێری پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی 100 کورسی رووداو لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و گرنگی پاراستنی مافەکانی کورد لە سیستەمی فیدراڵیی عێراقدا گفتوگۆیان کرد. بەربژێران وەڵامی پرسیاری سەرەکیی رەنج سەنگاویان دایەوە کە پرسی "چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێ پەیوەندییەکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق هاوسەنگ بکات؟"
 
بەربژێران بیروڕای خۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، کێشەکانی نێوانیان و رۆڵی داگەی فیدراڵی لەو پەیوەندییانەدا خستەڕوو. 
 
بەشداربووانی بەرنامەی ئەمجارەی 100 کورسی پێکهاتوون لە ئیدریس محەممەد رەزا، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، شوان رابەر، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، قاسم گەڵاڵی، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کاوان سلێمان حەسەن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لوقمان وەردی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان. 
 
بەرنامەی 100 کورسی کە لەلایەن، رەنج سەنگاوی پێشکێش دەکرێت، گفتوگۆکەی بە پرسیارێکی سەرەکی دەستپێکرد، پرسی "چۆن باری هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراق هاوسەنگ بکرێتەوە؟"
 
لەسەرەتادا، ئیدریس محەممەد رەزا، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، باسی لە گرنگیی بەنیشتمانیکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد. هەروەها پێشنیازی کرد پێویستە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، تەواوی ئەندامان یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن لە پرسە نیشتمانییەکان و کارنامەیەکی یەکگرتووی پەرلەمانییان سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان هەبێت. 
 
ئەو بەربژێرەی رەوتی هەڵوێست لە بازنەی هەولێر گوتیشی "هەرێمی کوردستان هەموو مافێکی فیدراڵی دەیگرێتەوە. بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نیشتمانیانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵدا هەبێت و دەبێت پەیوەندییەکان لەچوارچێوەی دەستووردا بن، بەتایبەتیش دەبێت بەپێی دەستوور دۆسیەی نەوت لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین."
 
هەروەها ئیدریس محەمەد دەڵێ "دەمانەوێت لە خولی داهاتووی پەرلەمان، گرنگی بە ماددەی 140 بدەین، چونکە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 زیاتر پشتگوێ خرا. ئەگەر لە پەرلەمان کۆدەنگ بین، دەتوانین مادەی 140 چارەسەر بکەین." 
 
شوان رابەر، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند، لەساڵی 2005ـەوە و لە پەسندکردنی ئەو دەستوورەی ئێستا لە عێراق هەیە، حکومەتی فیدراڵی بەپێی پێویست کاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەستوورە نەکردووە. شوان رابەر لەدرێژەی قسەکانیدا گوتیشی "زۆر کات سیستمی فیدراڵی ئەوکاتە بەکاردەهێندرێت، کە لەبەرژەوەندیی حکومەتی ناوەنددایە. بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی کوردستان پێداچوونەوە بە دەوڵەتمەداریدا بکەن."
 
ئەو بەربژێرەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە بازنەی هەولێر، ئاماژەی بە رۆڵی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی دەستووردا کرد و دەڵێ "هەژموونی حیزب بەسەر حکومەتدا زاڵە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین لە پەرلەمانێکی چالاکدا کێشە فیدراڵییەکان چارەسەر بکەین. ئەگەریش کوردستان سیاسەتەکانی بەرامبەر بەغدا بگۆڕێت، رەنگە زۆر کێشە چارەسەر بن." 
 
قاسم گەڵاڵی، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە قسەکانیدا باسی لە وەکرد، کوردیش بۆ خۆی کەرمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی دەستوور و هەر لەسەرەتای پەسندکردنی دەستوور لە ساڵی 2005، کورد کەمتەرخەم بووە، هەروەها ئەو بەربژێرە ئاماژە بەوەش دەکات، لەگەڵ کەمتەرخەمی کورد بەرامبەر بە دەستووری عێراق، لەبەرامبەر نووسینەوەی دەستووری خۆیشی ئەوەندە جیدی نەبووە، دەڵێ "لە 2009ـوە رەشنووسی دەستووری کوردستان هەیە و بێناز کەوتووە، کوردیش رۆڵی هەبووە لە جێبەجێنەکردنی دەستوور."
 
قاسم گەڵاڵی کە بەربژێری یەکگرتووە لە بازنەی هەولێر دەڵێ "کێشە گەورەکانی عێراق پەیوەستن بە جێبەجێنەکردنی دەستوور. پێویست بوو خولەکانی پێشووی پەرلەمان هەڵوێستیان لە پرسە فیدراڵییەکان هەبووایە. ماددەی 140 گەورەترین کێشەی کوردە و جێبەجێنەکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماددەی 140ـی دیکەمان بۆ خۆمان دروستکردووە." 
 
دواتر کاوان سلێمان حەسەن، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بە مادەی 65ـی دەستووری عێراق وەکو کلیلی چارەسەری کێشەکانی نێوانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و، رایگەیاند بەگوێرەی ئەو مادەیە، پێویست بوو ئەنجوومەنی فیدراڵی لە عێراق هەبێت، بەڵام تائێستا ئەو ئەنجوومەنە دانەمەزراوە. 
 
هەروەها ئەو بەربژێرەی پارتی لە بازنەی پارێزگەی سلێمانی گوتیشی "بەدامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدراڵی، زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبن."
 
لەدرێژەی قسەکانیدا کاوان سلێمان حەسەن دەڵێ "کێشەیەکی دیکە ئەوەبوو؛ پەرلەمانتارانی پێشووی کوردستان و عێراق هیچ هاوئاهەنگییەکیان نەبووە، بۆیە یەکێک لە کارەکانمان لە خولی داهاتووی پەرلەمان، زیادکردنی هاوئاهەنگییە لەگەڵ پەرلەمانتارانی عێراق. هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەبوو پەرلەمانی کوردستان لەبەر کێشە نێوخۆییەکانی، نەیتوانیوە باس لەکێشە نیشتمانییەکان بکات، بۆیە دەبێت ئەم خولەی پەرلەمان گوتارێکی هاوبەشی نیشتمانی لەسەر پرسە فیدراڵییەکان هەبێت." 
 
هەرچی لوقمان وەردی، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە لە بەرنامەی 100 کورسیدا، باس لەوە دەکات زۆربەی ماف و داخوازییەکانی کورد لە دەستووردا جێگیر کراون، بەڵام "بەهۆی ئەوەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بە نیشتمانی نەکراون، زۆربەی ماددەکانی دەستووریش جێبەجێ نەکراون." 
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، ئەو بەربژێرەی یەکێتی لەسەر بازنەی هەولێر دەڵێ "کورد بەشێکە لەو دۆخەی لە بەغدا رووبەڕووی بووەتەوە. لە نەخۆشکەوتنی مام جەلالەوە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش نەخۆش کەوتن. دەبێت هەر پێنج دامودەزگە دەستوورییەکەی کوردستان بەنیشتمانی بکرێن. پەرلەمان نەیتوانیوە رۆڵێکی کارای هەبێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا. قووڵایی ستراتیژییەتی کوردستان بەغدایە، چونکە کێشەکانمان لە ئەنقەرە، تاران و واشنتن چارەسەر ناکرێن، بەڵکو لە بەغدا چارەسەر دەکرێن. "
 
لە کۆتایی بەرنامەی 100 کورسی ئەمجارەدا، هۆگر ئیبراهیم، پسپۆر لە زانستە سیاسییەکان، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان بەربژێرەکان خستەڕوو. سەبارەت بە بەرنامەکەی رووداویش رایگەیاند "ئەم جۆرە بەرنامانە زۆر گرنگن لەکاتی بانگەشە و دوای بانگەشەش و جۆرێک لە کەشێکی ئارام دروست دەکەن." 
 
ئەو پسپۆڕە وەڵامی بەربژێرەکانی بە لۆژیکی پێناسە کرد، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد "پێویستە لایەنە سیاسییەکان لە دۆخی ئێستای فیدراڵی عێراق تێبگەن. ئەو فیدراڵیەی ئێستای عێراق لەسەر بنەمایەکی مەترسیدار دروست بووە. دەبێت پەرلەمان کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکات و لایەنەکان ناچار نەبن بۆ کێشە نێوخۆییەکانی پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی ببەن."
 
لەدرێژەی قسەکانیدا، هۆگر ئیبراهیم دەڵێ "خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، قورسترین ئەرکی دەبێت لە مێژووی پەرلەمانی کوردستان، چونکە دەبێت رووبەڕووی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ببێتەوە." داواش لە بەربژێران دەکات لە ئەگەری دەرچوونیان بۆ پەرلەمان، یەکێک لە کارەکانیان ئەوە بێت شەڕ بۆ هەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بکەن.