وردەکاریی رووداوەکەی هەڵەبجە؛ گەنجێک چوار ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت

وردەکاریی رووداوەکەی هەڵەبجە؛ گەنجێک چوار ئەندامی خێزانەکەی دەکوژێت

ئەم بەرنامەیەی باسی لێوەدەکەین زۆرترین کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ژانرەکانی دیکەی رۆژنامەڤانیدا بەدوای خۆیدا هێناوە و خەڵکی بۆچوون و قسەی خۆیانیان لەسەرکردووە. لە بەرنامەکەدا باسی کاردنەوەکانی رووداوەکەی هەڵەبجە دەکەم، کە گەنجێک چوار ئەندامی خێزانەکەی کوشتن و بەجیا تەرمەکانی بە ئۆتۆمبێلێک فڕێدان.

پۆلیسی هەڵبجە دەڵێت "شەوی 19 ی ئەم مانگە گەنجێکی تەمەن 18ساڵ ھەستاوە بەکوشتنی دایک و باوک و دوو برای لەماڵی خۆیان کە لەخەودا دایک و براکانی کوشتووە، پاش گەڕانەوەی باوکیشی کە لەماڵەوە نەبووە ئەویشی کوشتووە و تەرمەکانیانی بەئۆتۆمبێلەکەی باوکی گواستوەتەوە بۆدەرەوەی شار و تەرمی باوک و براکەی لەشاخی شنروێ داناوە و تەرمی دایک و برا بچوکەکەشی بردووەتە چەمی کانی گوێز و تەرمەکان لەوێ فڕێداون". بکوژەکەش لەدانپێدانانە سەرەتایدا وادەرکەوتووە کە بەویستی خۆی و بەتەنیا ئەو کارەی ئەنجامداوە.  

ئەم مژارە بە میوانداری 

-یوسف عوسمان حەمەد، پسپۆڕی دەروونی لە ستۆدیۆی سەرەکی رادیۆی رووداو دەبێت 
-هێرش شەفیق، کەسوکاری کوژراوەکە
- بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە

کۆمێنتی بەشێک لە هاونیشتمانیان کە لە سۆشیاڵ میدیا لەبارەی ئەو رووداوە نووسیویانە.

بژار سەردار دەنووسێت "هەتا کۆمەڵگامان شانازی بە منداڵە تازەکەیانەوە بکەن کە کوڕە و ئیدی گەورەی خێزانەکەیە و دەتوانێ هەموو شت بکات، بە بەردەوامی لەم جۆرە هەواڵانە دەبیستین ". دەشڵێت "هەروایە، هەر واش دەبێت، بە هەموو تەمەنمان نەمان بیستووە کچێک لەم کردارانە ئەنجامبدا، چونکە کچ هەمیشە دڵسۆزترە و باشترە لە کوڕ".

رێنووس ئەحمەدیش دەڵێت "زۆربەی هۆکاری ئەم رووداوانە بۆ ئەو کەناڵانە دەگەڕێتەوە، کە درامای بیانی و تورکی پەخشدەکەن، تاوەکو ئێستا ناچێتە عەقڵەوە گەنجێکی 18 ساڵ چوار ئەندامی خێزانێک بکوژێت".

ئاراس خۆشناو: با وەزارەتی رۆشنبیری نەهێڵی زنجیرە تورکییەکان پەخش بکرێن، دڵنیام بەشێکی زۆری ئەو رووداوانە پەیوەندی بەم فیلمانەوە هەیە.

بەهار محەممەد: ئەم گوشتن وبڕینە لەناوکورد بڵاوە، جگە لە دوربوون لەخوا قەیرانیش هۆکارێکی کەیە بۆ ئەم کارە قێزەونانە، خوابمان پارێزێ جێگەیان فیردەوسبێ ان شاء الله.

پۆرتاڵ بەرنامەیەکی تایبەتە بە ھەواڵ و ڤیدیۆکانی پۆرتاڵ و سۆشیال میدیای رووداو، لەماوەی ھەفتەیەکدا کە پڕخوێنەرترین و زۆرترین بینەریان ھەبووە و ھەر جارێک بەپێی ھەواڵەکە میوانێک دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆ. هەروەها باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خەڵک لەنێو سۆشیال میدیا دەکات.

پێشکەشکار: راوچی حەسەن