کاردانەوەی کۆچی دوایی هونەرمەند پشتیوان نووری بەدەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

کاردانەوەی کۆچی دوایی هونەرمەند پشتیوان نووری بەدەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان

یەکەم بەرنامەی پۆرتاڵ تایبەتە بە کاردنەوەکانی کۆچی دوای هونەرمەند، ئەکتەر و شانۆکار پشتیوان نووری بەدەوی ناسراو بە رزگاری گەردەلوول لەنێو ژانرەکانی رۆژنامەڤانی بەتایبەت وێب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

وەک دیارە کە کۆچی دوایی ئەم هونەرمەندە لە کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچکردنی بوو لەڕێگەی ژانرەکانی رۆژنامەڤانی بە تیڤی و وێب و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە. کاردانەوەکانیش جیاوازن.

ئەم بەرنامەیە بە میوانداری نیاز نووری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان دەبێت.

*ژیاننامەی  پشتیوان نووری بەدەوی 

پشتیوان نووری بەدەوی ساڵی 1977 لە سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی 1997 بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواوکردووە. لە چەندین بەرهەم شانۆیی و درامادا بەشداریکردووە. 

لە ساڵی 1995 پشتیوان نووری بەدەوی ژیانی هاوژینی لەگەڵ خانمە هونەرمەند هەواڵ عوسمان پێکهێناوە و خاوەنی دوو کچن. 

هەواڵ عوسمان و پشتیوان بەدەوی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان یەکدی دەناسن و لە چەند کارێکی هاوبەشدا بەشدارییانکردووە، لەوانە درامای گەردەلوول.

پشتیوان کوڕی کەسایەتی وەرزشی ناسراوی سلێمانی نووری بەدەوییە. جگە لەوەی ئەکتەر بوو، فەرمانبەر بووە لە بەڕێوەبەرێتی سینەمای سلێمانی.

رۆژی سێشەممە 16-1-2018 پشتیوان نووری بەدەوی، یەکێک لە ناسراوترین ئەکتەرانی درامای "گەردەلوول" لە تەمەنی 40 ساڵیدا لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد.

بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانیان بە کۆچی دوایی پشتیووان بەدەوی دڵگران بوون، لەنێویاندا هاوڕێیان و نزیکان و هەوادارانی ئەم هونەرمەندە، زۆربەی زۆریان لەڕێگەی ئەکاونت و پەیجی تایبەت بە خۆیان دڵگرانی و غەمباری خۆیان دەربڕی و پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی هونەرمەند کرد، بەڵام ئەو پەیام و سەرەخۆشییەی کە لەنێو هەموو هاوڕێکانیدا جیاوازبوو، پرسەنامەکەی شوان عەتوف. ئەو لە پەیجی تایبەتی خۆی لەژێر ناوی "مەرگی خەون" نووسیبووی: بۆی مەگرین پشتیتان بگرتایە وەك ئەستێرەیەكی نازدار ساڵی پاڵەوانی فلمێك بوایە، بۆی مەكروزێنەوە، تەلەفزیۆنەكانتان با شەوانە لەبری ئەكتەرە تورك، فارس و عەرەبەكان بە پشتیوان بدرەوشایەتەوە، برۆ ئەكتەری نازدار، برۆ ئەم كەلاوەیە بەجێبهێڵە".

پۆرتاڵ بەرنامەیەکی تایبەتە بە ھەواڵ و ڤیدیۆکانی پۆرتاڵ و سۆشیال میدیای رووداو، لەماوەی ھەفتەیەکدا کە پڕخوێنەرترین و زۆرترین بینەریان ھەبووە و ھەر جارێک بەپێی ھەواڵەکە میوانێک دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆ. هەروەها باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خەڵک لەنێو سۆشیال میدیا دەکات.

پێشکەشکار: راوچی حەسەن