دوای وەرگرتنی خەڵاتی وان ئیفرا، پلانی نوێی پۆرتاڵی رووداو چی دەبێت ؟

دوای وەرگرتنی خەڵاتی وان ئیفرا، پلانی نوێی پۆرتاڵی رووداو چی دەبێت ؟

لە بەرنامەی ئەمجارەی پۆرتاڵ لەگەڵ بەڕێز هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو باسی کارەکانی داهاتووی پۆرتاڵی رووداو دەکەین، هەروەها تیشک دەخەینەسەر وەرگرتنی خەڵاتی باشترین سۆشیاڵ میدیا، کە ئەمساڵ لە 13ـەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لە دوبەی، کۆمەڵەی جیهانیی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان (وان ئیفرا) لە مەڕاسیمێکی گەورەدا، پۆرتاڵی رووداوی وەک باشترین سۆشیاڵ میدیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2017 هەڵبژارد.

گوتەی لیژنەی دادوەری وان ئیفرا بۆ رووداو "بەڕاستی ئەم سۆشیاڵ میدیایە شایەنی ئەو خەڵاتەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بیری لێبکەینەوە، بە بینینی شتەکانیان کە بریتییە لە رۆژنامەڤانییەکی ستاندارد، پەیڕەوکردنی ئیتیکەکان و، تەکنۆلۆژیای نوێ، توانیویانە ئەو دەستکەوتە گەورەیە بەدەستبهێنن، بۆیە بەکۆی دەنگ هەموویان بڕیاریان داوە ئەم خەڵاتە بدرێتە سۆشیاڵ میدیای رووداو، کە میدیایەکی کوردییە بە ئۆدیەنسێکی سنووردار".

- وان ئیفرا (WAN-IFRA) بە مانای کۆمەڵەی جیهانیی رۆژنامە و بڵاوکراوەکان دێت. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیایە. ساڵانە چەند خەڵاتێکی بۆ باشترینەکانی دیجیتاڵ میدیا لە جیهان، ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا هەیە.

دامەزراوەی جیهانیی وان ئیفرا تۆڕێکی گەورەی جیهانییە و لە سێ هەزار کۆمپانیای میدیایی و تەکنۆلۆژی پێکهاتووە. هەروەها 80 دامەزراوەی بڵاوکردنەوە ئەندامن تێیدا، کە نوێنەرایەتی 18 هەزار دەزگا لە 120 وڵاتەوە دەکەن.

پۆرتاڵ: بەرنامەیەکی تایبەتە بە ھەواڵ و ڤیدیۆکانی پۆرتاڵ و سۆشیال میدیای رووداو، لەماوەی ھەفتەیەکدا کە پڕخوێنەرترین و زۆرترین بینەریان ھەبووە و ھەر جارێک بەپێی ھەواڵەکە میوانێک دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆ. هەروەها باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خەڵک لەنێو سۆشیال میدیا دەکات.

پڕۆدیوسەر و پێشکەشکار: راوچی حەسەن