کاردانەوەی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دژی بەڵێنەکانی عەبادی

کاردانەوەی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی دژی بەڵێنەکانی عەبادی

لە بەرنامەی ئەمجارەی پۆرتاڵ باس لە بۆچوون و کاردانەوەکان لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازیی دژی بەڵێنەکانی عەبادی دەکەین کە لە سلێمانی ئاراستەی داواکارییەکانیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ حکومەتی عێراق گۆڕی.

تەواوی درووشمەکانی مامۆستایانی ناڕازیی بە زمانی عەرەبی بوون، بەشێکیان دژی عەبادی بوون و بەشێکیشیان داواکاری بوون، مامۆستایان داوایان لە عەبادی کرد بەڵێنەکانی بکاتە کردار و مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی خەرجبکات.

لەماوەی دوو ساڵدا ئەوە 51ـەمین خۆپیشاندانی مامۆستایان بوو بۆ داواکردنی مووچە، 49ـیان ئاراستەی داواکەیان روو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، دوو خۆپیشاندانی کۆتایش روو لە بەغدا، بەڵام یەکەمیان بەهیوای ناردنی مووچەکانیان و ئەمجارە دژی بێبەڵێنی حکومەتی عێراق و عەبادی بوو.

ئەم تەوەرە بە میوانداری 

- د. ئەرشەد تەها، مامۆستای زانکۆ لە ستۆدیۆی سەرەکی رادیۆی رووداو لە هەولێر لەگەڵمان دەبێت.
- م. عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لەڕێگەی هێڵی تەلەفۆنەوە بەشداری بەرنامەکە دەکات.

کۆمێنتی بەشێک لە هاونیشتمانیان کە لە سۆشیاڵ میدیا لەبارەی ئەو رووداوە نووسیویانە.

ئەیوب خۆشناو: له مێژووى كوردا لە کۆنەوە تاوەكو ئێستا نه عەرەب نه توورك نه فارس، نەم بينيوه شتێك بكات و بۆ گەلى كورد دڵخۆشكەربێت.

هۆشمەند سمکۆ: زۆر بەباشی بیرمە ساڵێك پێش ئێستا داوای ئەوەیان دەكرد مووچەكەیان بچێتە سەر حكومەتی عێراق و عەبادی مووچەیان بۆ بنیرێت، ئێستاش دژی عەبادی خۆپیشاندان دەكەن.

ئاڤێستاش دەڵێت: زۆر بەداخه وه مامۆستا ناوێکی پیروزه ئێمه منداڵەکانمان لەژێر دەستی ئێوه پەروەرده دەکەین، چۆن ویژدانتان قبوڵ دەکات دروشم به زمانی عەربی بەرزکەنەوه. 

بێکەس سوورچی: هەر ئێوە بوون چەپڵەتان بۆ عەبادی لێدەدا خۆتان قوربانی عەبادی دەکرد، چیبوو ئێستا لەدژی وەستاون.

وێژان گەرمیانی: حکومەتی عەبادی نایەوێت مووچه بنێریت، یاری بەقوتی شەش مليون هاونیشتمانی كوردی دەكات بڕوخێ عەبادی 

سەباح کوردی دەڵێت: ماموستایانی سلێمانی بوێرن و دەستخۆشییان لێدەکەم هیوادارم وەڵام بدرێنەوە.

پۆرتاڵ بەرنامەیەکی تایبەتە بە ھەواڵ و ڤیدیۆکانی پۆرتاڵ و سۆشیال میدیای رووداو، لەماوەی ھەفتەیەکدا کە پڕخوێنەرترین و زۆرترین بینەریان ھەبووە و ھەر جارێک بەپێی ھەواڵەکە میوانێک دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆ. هەروەها باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خەڵک لەنێو سۆشیال میدیا دەکات.

پێشکەشکار: راوچی حەسەن