هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین و کاردانەوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

لە بەرنامەی ئەمجارەی پۆرتاڵ باس لە تەوەرێک دەکەین کە کاردانەوەی زۆری هەبووە لەنێو میدیا جیهانییەکان، لەنێوخۆی کوردستاندا و لەنێو سەرجەم ژانرەکانی دیکەی رۆژنامەڤانی.

ئازیزان وەک دەزانن لە رۆژی 20-1-2018، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەناوی "چڵە زەیتوون" بۆ سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە. 

دواتر ئۆپەراسیۆنەکە هەر زوو لەلایەن هێزە کوردییەکان لە عەفرین بەرپەرچی درایەوە و تاوەکو ئەو چرکەیەش ئێمە قسەی تێدا دەکەین، شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان یەپەگە و سوپای تورکیا بەردەوامە.

ئەم مژارە بە میوانداری

- دکتۆر سادق حەمەغەریب، مامۆستای زانکۆ 

کۆمێنتی بەشێک لە هاونیشتمانیان کە لە سۆشیاڵ میدیا لەبارەی ئەو رووداوە نووسیویانە.

توانا تەها، رۆژنامەڤان دەڵێت "ئەمریکا داوا لە تورکیا دەکات دان بەخۆیدا بگرێت، ئەمە ئەو پەڕی گاڵتەجاڕییە، تورکیا هێرشی کردووەتە سەر عەفرین، ئەو فڕۆکە و تانک و سەدان هەزار سەربازی دژی کورد جولە پێکردووە! ئایا دەبێت کێ دان بەخۆیدا بگرێت.!پەلاماری تورکیا دژی عەفرین گەردەلولێکی لیتە و خوێنە، سەردەمێکی قورسە لە ستەم و تاریکی‌!".

مەحموود یاسین کوردی، رۆژنامەڤان: "كورد بە عام حەزی لە ناكۆكی و شەڕ، سوكایەتی و تەخوین كردنی یەكترە، ئەگەرنا ئەو هێرشە داگیركارییە دەكرێتە سەر #عەفرین دەستی هیچ هێزێكی كوردی تێدا نییە، بە هیچ هێزێكی كوردیش ناوەستێرندرێت، ئەسڵی مەوزعەكە رێككەوتنی وڵاتانی زلهێزو دابەشكردنی جێ نفوزە شەڕی بە وەكالەت و بچووكردنەوەی قەبارەی كوردە لە هەموو پارچەكان. ئتیر ئەم جنێو سوكایەتی كردنە لە پای چی".

حەکیم رەسوڵ پێیوایە، عەفرین ناکەوێ، بەڵکو سەردەکەوێ

عارف قوربانی، رۆژنامەڤان:  "ئەم رووداوانە بۆ كوردیش كۆمەڵێك پێشهات و لێكەوتەی جۆراوجۆری دەبێت كە پێویستە پەندیان لێ‌ وەربگرین. لە جۆری مامەڵە و پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و زلهێزەكانی دونیا، دەبێت لەخۆمان بپرسین ئایا بەڕاستی كورد دۆستی هەیە؟ دەبێ‌ هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین كە تاكەی لەناو خۆماندا ناكۆك و ناتەبا بین، ئایا دەتوانین پشتی یەك بگرین؟ ئایا دەتوانین ئەو فرە هێزە چەكدارییەی كورد لە پارچە جیاجیاكانی كوردستان بكەین بە هێزێكی خاوەن ئیرادەی كوردستانی كە كەركووك و عەفرین سەلماندیان جگە لە خۆمان كەس نییە بمانپارێزێت؟"

ئاکۆ عەلی، دەڵێت "هەتا كورد خۆ خۆر بێت و لەسەر عاتیفە ئیش بكات حاڵی لەوەی هەیە باشتر نابێت، بە هاشتاگ و نوسین هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، ئەو كارانەی ئەكرێت بەبەرچاوی وڵاتانی بڕیار بەدەست و خاوەن هێزە و پێشتر رێككەوتنیان لەسەر كردووە، دوێنێ كەركووك بوو ئەمڕۆ عەفرین و سبەی شوێنێكی دیکەی كوردستان دەبێت".

پۆرتاڵ بەرنامەیەکی تایبەتە بە ھەواڵ و ڤیدیۆکانی پۆرتاڵ و سۆشیال میدیای رووداو، لەماوەی ھەفتەیەکدا کە پڕخوێنەرترین و زۆرترین بینەریان ھەبووە و ھەر جارێک بەپێی ھەواڵەکە میوانێک دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆ. هەروەها باسی چەند تەوەرێکی دیکەی تایبەت لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاردانەوەی خەڵک لەنێو سۆشیال میدیا دەکات.

پێشکەشکار: راوچی حەسەن