رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا بەبۆنەی ساڵی نوێوە گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''تاکە رێگەچارەی تیرۆریستان، دانانی چەکە''.
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی سێشەممە، 31-12-2024، لەگەڵ شاندێکی سوپای وڵاتەکەی سەردانی 14ـەیەمین بنکەی فەرماندەیی سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە پارێزگەی ئێلیهی باکووری کوردستان کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی رۆڵی ئەو بنکە سەربازییەی وڵاتەکەی گوتی: ''رۆڵی گرنگی هەبووە لەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوی سنوورمان لە باکووری سووریا و لە عێراق بەسەرکەوتوویی ئەنجاممانداون''.
وەزیری بەرگریی تورکیا جەختی کردەوە، کە پێویستە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) چەک دابنێن و گوتی: "تاوەکو ئاسایشی سنوورەکانمان بەتەواوی بەرقەرار دەبێت، هەوڵەکانمان دژی تیرۆر بەردەوام دەبن. تاکە رێگەی تیرۆریستان، دەستبەجێ دانانی چەکەکانیان و خۆڕادەستکردنیانە بە دادی تورک''.
پەکەکە و سوپای تورکیا زیاتر لە 40 ساڵە لە شەڕدان، بەڵام ئێستا هەوڵێک بۆ نەهێشتنی شەڕ و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو وڵاتە لە رێگەی ئاشتییەوە هەیە.
رۆژی 01-10-2024 لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پرۆسەی ئاشتی نرا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 26-11-2024، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لەنێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت".
دوای ئەو بانگەوازەی سەرۆکی مەهەپە، دەم پارتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، داواکاری پێشکێشی وەزارەتی دادی تورکیا کرد و داواکارییەکەی پەسندکرا.
رۆژی شەممە، 28-12-2024، شاندی پارتەکە سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
رۆژی یەکشەممە 29-12-2024، شاندەکە ئەنجامەکەی بڵاوکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ