پەرلەمانتارێکی جەهەپە: 600 جۆر دەرمان لە تورکیا دەستناکەون

رووداو – هەولێر 

پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە دەڵێت، لە تورکیا 600 جۆر دەرمان لە بازاڕەکاندا دەستناکەون و هاووڵاتییان رووبەڕووی کێشەی تەندروستی بوونەتەوە. 
 
سەروەت ئونساڵ، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جەهەپە لە بازنەی ئەنقەرە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 600 جۆر دەرمان نەماون و دەستناکەون و گوتیشی: "دەسەڵات وەک چۆن راستییەکان دەشارێتەوە، ئەم زانیاریانەش پەردەپۆش دەکات". 
 
ئونساڵ رایگەیاند، لە رێگەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە پرسیاریان ئاراستەی فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا کردووە بۆ پێدانی زانیاریی ورد لەبارەی ژمارە و جۆر و هۆکاری دەستنەکەوتنی دەرمان لە بازاڕەکانی باکووری کوردستان و تورکیادا، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە. 
 
قسەکانی ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە لە کاتێکدایە، رۆژی 27ی کانوونی یەکەمی 2022، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، لە کۆی 7000 جۆر دەرمان کورتهێنان لە 950 جۆر دەرمان هەبوو، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەشێکی زۆری کێشەکە چارەسەرکرا و کورتهێنانەکە بۆ 154 جۆر دەرمان دابەزێندرا. 
 
پەرلەمانتارەکەی جەهەپە رایگەیاند، دەسەڵات تەنیا خەریکی هەڵمەتی هەڵبژاردنە و ئێستاش هەواڵی دۆزینەوەی نەوت و گاز بڵاودەکاتەوە کە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکاندا پەنای بۆ دەبات و کەس لە خێری ئەم نەوت و گازە سوودمەند نەبووە. 
 
سەروەت ئونساڵ باسی لەوەشکرد کە تورکیا لە ساڵی 2011ـەوە سێ کەشتی دۆزینەوەی نەوت و گازی سرووشتی لە کۆریای باشوور کڕیوە و رایانگەیاندووە کە دروستکراوی تورکیان، ئەوە لە کاتێکدا هەرسێ کەشتییەکە بە 744 ملیۆن دۆلار کڕیوویانن و تەنانەت تیمی کەشتییەکانیش خۆماڵی نین و سەرجەمیان ستافی کۆریای باشوورن و هەر ئەوان تێیاندا کاردەکەن.