رووداو – هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پرۆژەیاسای تایبەت بە ئازادیی مافی سەرپۆش لە پەرلەمان پەسند نەکرێت، دەیخەنە گشتپرسییەوە بۆئەوەی خەڵک بڕیاری لەبارەوە بدات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵات بە قوتابییە لێهاتووەکانی قوتابخانە ئایینییەکان لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکێشکرد و لەبارەی ئازادیی مافی سەرپۆش لە لایەن ژنانی باکووری کوردستان و تورکیا قسەی کرد و رایگەیاند، پرۆژەیاسای هەمواری دەستووریان پێشکێشی پەرلەمان کردووە و چاوەڕوانن بزانن بڕیاری ئۆپۆزیسیۆن لەو بارەوە چییە.
ئەردۆغان هیوای خواست ئەو هەموارە لە پەرلەمان سەربگرێت و پێویست بە گشتپرسی نەکات و رایگەیاند، بەڵام ئەگەر هەموارەکە لە پەرلەمان دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، دەیخەنە گشتپرسییەوە بۆئەوەی خەڵک خۆی لەوبارەوە بڕیار بدات.
لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی 2023 ئەنجام بدرێن، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، هەڵبژاردنەکە تەنیا بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی پێنج ساڵی دیکە نییە، بەڵکو ئاسۆ و نەخشەڕێگەی 25 ساڵ و 50 ساڵ و تەنانەت 100 ساڵی داهاتووش دیاری دەکات.
ئەردۆغان رووی دەمی قسەکانی کردە گەنجانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، بەر لەوەی بچنە سەر سندووقی دەنگدان، بیر لە دوو تورکیا بکەنەوە؛ تورکیایەکی ئاوەدان و پرشنگدار و گەشەپێدراو یان تورکیایەکی تاریک و دواکەوتوو لە هەموو روویەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ