سەرۆکی HudaPar: داودئۆغڵو چاوپۆشی لە PKK دەکات

31-12-2014
بێستون عوسمان
نیشانەکردن HudaPar
A+ A-

رووداو - ئەنقەرە

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد HudaPar لە باکووری کوردستان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا تۆمەتبار دەکات بە چاوپۆشیکردن لە هێرشەکانی لایەنگرانی PKK بۆ سەر پارتەکەی کە بە کۆمەڵکوژی ناوی دەبات.

رۆژی 31-12-2014 ، زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد HudaPar راگەیەندراوێکی سەبارەت بە پێکدادانەکانی نێوان لایەنگرانی پارتەکەی و لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا یاپیجی ئۆغڵو، PKK بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی و حکومەتی تورکیاش بە چاوپۆشی بەرامبەری تۆمەتبار دەکات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەرۆکی HudaPar دەڵێت: "هێرشەکان لە لایەن لایەنگرانی گەنجی PKK وە ئەنجام نادرێن، بە پێچەوانەوە خودی چەکدارانی سەر چیای PKK دابەزیونەتە ناو شار"، هاوکات  هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە لایەنگرانی خۆیان پڕ چەک دەکەن بۆ وەڵامدانەوەی PKK لە ئەگەری بەردەوامبوونی هێرشەکان.

ماوەی هەفتەیەکە لە شارۆچکەی جزیرەی سەر بە پارێزگای شەرناخ لە باکووری کوردستان شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی هەردوو پارتی کوردی PKK و HudaPar دەستیپێکردووە و هەتا ئێستا لەو پێکدادانانەدا 3 کەس گیانیان لەدەستداوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە