قەیوم لە شوێنی سەرۆکشارەوانییە کوردەکەی جەهەپە دانرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیوڕتی ئیستەنبووڵ کە جەهەپەییە لەکارلادرا و جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی وەکو بریکار دەستبەکار بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 31-10-2024 بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد ئۆزەر بە تۆمەتی "ئەندامیەتیی لە رێکخراوی پەکەکە-کەجەکە" لە زیندانە و دادگەیی دەکرێت.
وەزارەتی نێوخۆ راشیگەیاندووە بەگوێرەی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان لە مادەی 127'ی دەستوور و وەکو رێوشوێنی کاتی، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیوڕت لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پشتئەستوور بە مادەکانی 45 و 46ی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان، جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگای ئیستەنبووڵ، وەکو بریکاری سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیوڕت دەستبەکار بوو.
ئەحمەد ئۆزەر، کوردە و سەر بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)یە، بەیانی رۆژی چوارشەممە، 30ـی تیشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستگیرکرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە بڕیاری دادگە خرایە زیندانەوە.