هاوسەرۆکی دەمپارتی بۆ ئەردۆغان: چارەسەری پرسی کورد لە دەستی ئێوەدایە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا تونجەر باکر هان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای راگەیاند، بەرپرسیاریەتی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بەکاربهێنێت.
 
لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رۆژی 30-10-2024 تونجەر باکرهان باسی لە هەڵوێستی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد کرد و بە گرنگی وەسفکرد. سەبارەت بەو دەرفەتەی جارێکی دیکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هاتووەتە پێشەوە باکرهان جەختیکردەوە کە کورد ئەم جارە تەنیا هیواداربوونیان ناوێت، بەڵکو چاوەڕێی هەنگاوی کردەیین.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هەمان رۆژ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتاری کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتیدا گوتی: "ئەوەی بۆ تورکیا و داهاتووی رۆشنی گەلەکەمان پێویستە هەرگیز لە ئەنجامدانی سڵمان نەکردەوە و سڵ ناکەینەوە. ئەگەر خوا تەمەن و دەرفەت بدات، نیازمان هەیە ئەم پرسە لە رۆژەڤی وڵاتەکەمان بە تەواوی دەربهێنین و تاج بخەینە سەر 40 ساڵەی سیاسیمان کە بە خزمەتی گەل تێپەڕیوە."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی رووی دەمی کردە ئەردۆغان و گوتی: "بەرێز ئەردۆغان، ئێوە رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی مێژوویین. ئێمە وەکو دەم پارتی، گوتەکانی ئەمڕۆتان لەبارەی چارەسەری پرسی کورد و ئاشتەوایی تورکیا بە گرنگ دەزانین. هەنگاونان بۆ ئاشتی وەکو سەرۆککۆمار، بەرپرسیاریەتیی ئێوەیە. ئێوە دەتوانن ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن".
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها داوای لە ئەردۆغان کرد، بەرپرسیاریەتی بۆ ئاشتی لە ئەستۆ بگرن و لە لاپەڕەیەکی جیاواز لە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو، بۆ خۆیان تۆمار بکەن.
 
دەوڵەت باخچەلی رۆژی 22-10-2024 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە