تورکیا: ئیسماعیل هەنییە لە هێرشێکی چەپەڵانەدا کوژراوە و سەرکۆنەی دەکەین

31-07-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کوژرانی ئیسماعیل هەنییە سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئیسرائیل ویستی ئاشتی نییە.
 
لە راگەیێندراوێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 31-07-2024 بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران لە هێرشێکی چەپەڵانەدا سەرکۆنە دەکەین."
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرەخۆشیی لە خەڵکی فەلەستین کردووە و دەڵێت، "ئەوان لەپێناوی ئەوەی لە ماڵ و نیشتمانیان و لە ژێر بنمیچی دەوڵەتیاندا بە ئارامی بژین، سەتان هەزار شەهیدی وەکو هەنییەیان داوە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جارێکی دیکە نیشانیدایەوە کە ویستی ئاشتی نییە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا داوای کاردانەوە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت، تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەنگاو نەنێت بۆ وەستاندنی ئیسرائیل، ناوچەکە رووبەڕووی گرژی زیاتر دەبێتەوە.
 
نزیکەی کاژێر 02:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە 31-07-2024 ئیسماعیل هەنییە لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا.
 
هەنییە بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی سوێندخواردن و دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران لە تاران بوو.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی ئیسماعیل هەنییە
 
- سیاسەتڤانێکی فەلەستینی بوو
- ساڵی 1963 لە کامپی شاتیئـ لە باکووری کەرتی غەززە لەدایکبوو
- ساڵی 1987 بەکالۆریۆسی لە ئەدەبی عەرەبی لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە وەرگرت 
- ساڵی 2006 بووە سەرۆکوەزیرانی فەلەستین، دوای ئەوەی حەماس لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی فەلەستین 44.5٪ی دەنگەکانی بردەوە و بزووتنەوەی فەتح 41.4٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا 
- 14ی حوزەیرانی 2007 مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ئیسماعیل هەنییەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە
- ئیسماعیل هەنییە لە 2006 تاوەکو شوباتی 2017 سەرۆکی حەماس بوو لە کەرتی غەززە
- 6-5-2017 بە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس هەڵبژێردرا و ئیدی لە قەتەر نیشتەجێبوو
- 31-7-2024 لە تاران کوژرا 
- باوکی 10 منداڵە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە