ژمارەی چەکی بێ مۆڵەت لە تورکیا بەرەو زیادبوونە
رووداو دیجیتاڵ
جەسیم پاڕڵاک، یاساناس لەبارەی زیادبوونی ژمارەی چەکی بێمۆڵەت و تاوان لە باکووری کوردستان و تورکیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەم ماوەیەدا و لەگەڵ چەند رووداوێکی تەقەکردن و شەڕی چەکداری، بابەتی چەکی بێ مۆڵەت دەبێتە رۆژەڤ و ئەمجارە وەزیری ناوخۆش کەوتووەتە نێو گفتوگۆکە.
لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چەند رووداوێکی تەقەکردن روویاندا، ئەمە وایکرد رەخنە لە وەزارەتی ناوخۆ بگیرێت لە بوونی ژمارەیەکی زۆری چەکی بێ مۆڵەت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا باسی لە بوونی 627 هەزار مۆڵەتی چەک لە وڵاتەکە کرد. ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوەکان و پسپۆران، بەتایبەتیش رێکخراوی ئوموت باس لە بوونی 2.5 ملیۆن چەکی مۆڵەتدار و 25 ملیۆن چەکی بێ مۆڵەت دەکات.
هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەخنەی لەم ئامارەی وەزارەتی ناوخۆ گرت و باسی لە بوونی ناچوونیەکی لە نێوان ئامارەکانی حکومەت و ئاماری رێکخراوەکان کرد.
جەسیم پاڕلاک رایگەیاند، 80٪ـی ئەو چەکە بێ مۆڵەتانە لە شوێنی وەها هەڵدەگیرێن کە بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات.
دەقی گوتەکانی جەسیم پاڕڵاک، یاساناس:
ئەمڕۆ لە تورکیا چەکهەڵگرتنی تاک بەداخەوە بە خێرایی بەرەو زیادبوونە. ژمارەی ئەو چەکانەی هیچ مۆڵەتێکیان نییە و تۆماریان لای دەوڵەت نییە، نزیکەی 25 ملیۆنە. ئەمە بەو واتایە دێت لە هەر 10 کەسێک یەکێکیان چەکی هەیە. لە هەر سێ ماڵێکدا یەکێکیان چەکی هەیە.
لە تورکیادا ساڵانە نزیکەی 5 هەزار رووداوی چەکداری روودەدەن. ئەو ئامارەی وەزیری ناوخۆ بڵاویکردووەتەوە تەنیا ئاماژە بوو بە مۆڵەتی ئەو چەکانە، بۆیە ناکۆکی و رای دژ لە بابەتەکەدا دروستبوو.
بەهۆی ئەو لێشاوە کۆچەی لە سووریاوە رووی لە تورکیا کردووە، هەروەها بەهۆی جەنجاڵی سنوورەوە ژمارەی چەک زیادبووە. هۆیەکی دیکەش ئەوەیە لەم دواییەدا دەوڵەتیش بەگوێرەی پێویست ناتوانێ چاودێری و بەدواداچوون بکات، بەتایبەتی بەهۆی بابەتی دیکەوە.
دوای 15ـی تەممووز هەندێک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی دەڵێن، لە ئەگەری هەوڵێکی دیکەی کودەتادا دەچینە سەر شەقام و وڵات و خەڵک دەپارێزین بۆیە خۆمان چەکدار دەکەین.