پەیامی نوێی ئۆجەلان: گەلەکەمان بە جۆش و خرۆشەوە بەدەم بانگەوازمانەوە هاتن

31-03-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
برازای ئۆجەلان، پەیامی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵییەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزانتان پیرۆز دەکات و دەشڵێت، گەلەکەمان لە نەورۆز بە جۆش و خرۆشەوە بەدەم بانگەوازمان بۆ ئاشتی و دیموکراسییەوە چوون. 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 31ـی ئاداری 2025، محەممەد ئۆجەلان (برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان) و عومەر ئۆجەلان (برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها) بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، سەردانی گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.
 
دوای سەردانەکە، عومەر ئۆجەلان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکدا پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەگوزەرێن، پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ رای گشتیی بڵاودەکەمەوە. 
 
عومەر ئۆجەلان نووسیویەتی، پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەمشێوەیە بوو: "سڵاو بۆ ئەو جۆش و خرۆشە مەزنەی گەلەکەمان کە لە نەورۆزدا بەدەم بانگەوازمان بۆ ئاشتی و دیموکراسیەتی کۆمەڵگەوە چوون و خاوەندارییان کرد. دووبارە جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزانتان پیرۆز دەکەم." 
 
محەممەد ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی بۆ کاژێرێک دیداریان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجامدا.
 
محەممەد ئۆجەلان (برای ئۆجەلان) دوایین جار رۆژی 25ـی ئاداری 2021، لە دادگەی گشتیی رووها، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی چوار خولەکی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دابوو. 
 
هەرچی عومەر ئۆجەلانە دوایین جار، رۆژی 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردبوو. هۆکاری سەردانەکەشی بۆ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی کۆچی دوایی ئۆجەلان بوو، کە نزیکەی چوار ساڵ بوو لەژێر گۆشەگیریدا بوو.
 
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر و پەروین بوڵدان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 سێ جار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە، کە جاری سێیەم هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی تێیدا ئامادەبوون. دواتر لە 27ـی شوبات پەیامی ئاشتییان بڵاوکردەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە