مەهەپە و دەم پارتی بۆ یەکەم جار جەژنە پیرۆزەیان لە یەکدی کرد

31-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی- مەهەپە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی بۆ یەکەم جار لە ئەنقەرە سەردانی یەکدیان کرد و جەژنە پیرۆزەیان لە یەکدی کرد.
 
ئەمە دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دێت کە بەدوایدا بانگەوازەکەی ئۆجەلانی لێکەوتەوە.
 
شاندێکی مەهەپە سەردانی دەم پارتییان کرد و شاندێکی دەم پارتیش سەردانی بارەگای مەهەپەیان کرد.
 
عیسمەت بیوکئاتامان سکرتێری گشتیی مەهەپە، لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بارەگای دەم پارتی رایگەیاند، "ئەمڕۆ جەژنە، رۆژێکە دۆستایەتی و برایەتی تێیدا بەرز رادەگیرێت. ئێمە وەک مەهەپە، بە پەسدندکردن و قبوڵکردنی جەنابی سەرۆکمان مەودا و دیدگامان زۆر فراوانتر دەکەین. وەک دەزانن جەهەپە رایگەیاند، بەرنامەی ئاهەنگگێڕانەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و لە ئیستەنبووڵ بەرنامەیەکی جیاواز بەڕێوەدەبات. بێجگە لەوە ئێمە دەمانەوێت پیرۆزبایی جەژن لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا بکەین و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی دەم پارتیمان کرد".
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی مەهەپە گوتی، "بەپشتیوانی خودا جەژن بەشێوەیەکی جوان بەڕێوە دەبەین. پێکەوە ئەو رۆژانە ئەزموون دەکەین کە دوژمنایەتی و تووڕەیی کۆتایی دێت و دەرگای دۆستایەتی دەکرێتەوە و یاسای برایەتی بەهێزتر دەبێت. سوپاس بۆ قبوڵکردنتان".
 
دوای سەدانی شاندی مەهەپە، شانی دەم پارتیش سەردانی مەهەپەی کرد. عایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی کە سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد، گوتی: "کردەوەی نادیموکراسی بەردەوامە. گەڕان بەدوای ئاشتییەکی شایستەدا بەردەوامە. نابێت تورکیا ئەم سەدەیە لەدەست بدات. بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی و دادپەروەر، دەبێت مەترسییەکانیش نەمێنن. ئێستا لە هەماندا کاتدا کاتی مەترسیدارن. بۆیە ئیرادەی بەبڕیاری ئێوە وەک پارتی دەسەڵاتدار، وەک بلۆکی دەسەڵاتداری واتا و بەهایەکی گەورەی دەبێت. ئەوەی گوترا، گوترا، ئەو قسانە گوتران، کە ناتوانرێت دوابخرێن. دەبێت قسەکان بەبێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێن".
 
پرۆسەی ئەم جارەی پرسی کورد لە تورکیا بە دەستپێشخەری سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، کاتێک رۆژی 01-10-2024 دەرگای پەرلەمان لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە 'پەنجەرەی هیوا' ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکەن. شاندێک کە لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێنرا دیداری لەگەڵ ئۆجەلان سازکرد. رۆژی 27ی شوبات پەیامی ئۆجەلان بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی" لە رێگەی شاندەکەی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ بڵاوکرایەوە. ئۆجەلان داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە