عەبدوڵڵا کران: دەم پارتی نیوەی دەنگدەرانی کوردی کردە قوربانی جەهەپە

31-03-2024
هیدایەت جان
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆڕێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، چەپەکانی دەم پارتی لەو هەڵبژاردنەدا هاوسەنگیی سیاسیی ئەو حیزبەیان تێکدا و لەکاتێکدا نزیکەی نیوەی دەنگدەری کورد لە دەرەوەی باکووری کوردستانن، هەمووانیان کردە قوربانی جەهەپە تەنیا لەپێناو کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ئاکپارتی.
 
هاوکات، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداویش گوتی، یەکەم هەنگاوی دەم پارتی بۆ پشتیوانیکردنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی ئیستەنبووڵ ئەوە بوو کە بە قسەی سەلاحەدین دەمیرتاشیان نەکرد و لەبری باشاک دەمیرتاش کەسێکی نەناسراویان بۆ شارەوانی ئیستەنبووڵ بەربژێر کرد، بۆیە دەم پارتی بە دۆڕاوی دووەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەسف دەکات.
 
رۆژی یەکشەممە، 31ـی مارسی 2024، عەبدوڵڵا کران، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زریان رۆژهەڵاتی، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، شرۆڤەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستانیان کرد.
 
دەنگەکانی جەهەپە "هەمووانی شۆک کرد"
 
عەبدوڵڵا کران، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند؛ "ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا هەموانی شۆک کرد، بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری دەنگی جەهەپە بوو، بەتایبەت لە ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی رۆژئاوای تورکیا کە لەچاو هەڵبژاردنی پێشوو، بەرامبەر ئاکپارتی رێژەیەکی یەکجار زۆر دەنگی بەدەستهێناوە".
 
ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت؛ "لە ئیستەنبووڵ دەنگدەرانی دەم پارتیش بەتەواوەتی دەنگیان داوەتە جەهەپە، من پێموایە ئەمەش بەهۆی هەڵگەڕانەوەی دەنگدەرانی کورد نەبووە لە دەم پارتی، بەڵکو بەگوێرەی پلانی خودی ئەم حیزبە بووە".
 
"چەپەکان دەم پارتییان کۆنترۆڵکردووە"
 
عەبدوڵڵا کران پێیوایە؛ "دەم پارتی لەم هەڵبژاردنەدا لە نێوخۆدا بوو بە سێ بەش، بەشێکیان داوایان دەکرد لە ئیستەنبووڵ دەنگ بدەن بە ئیمامۆغڵوو، هەر بۆیەش لە ئیستەنبووڵ بانگەشەیەکی ئەوتۆیان بۆ هەڵبژاردن نەکرد و بە شێوەیەکی شاراوە لەگەڵ جەهەپە یەکیان گرت".
 
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ "دەم پارتی بەگوێرەی سیاسەتێک دەنگی کوردی بۆ جەهەپە کۆکردەوە، تاوەکو شکست بە ئاکپارتی بهێنێت و هەموو خەباتی خۆی لەپێناو ئەو سیاسەتە خستەکار".
 
عەبدوڵڵا کران دەشڵێت؛ "دوو باڵ لەنێو دەم پارتیدا هەن کە یەکێکیان مەیلی بەرەو کورد و وڵاتپارێزیدا هەیە و دەیانویست لە هەموو شارەکان دەم پارتی بەربژێری خۆی هەبێت و دەنگدەرانی دەنگی پێبدەن، بەڵام ئەو چەپانەی لەنێو دەم پارتیدا هەن، زیاتر ئینتیمایان بۆ ئیمام ئۆغڵوو هەبوو، بۆیە چەپەکانی دەم پارتی لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانیان لە چەپە تورکەکان کرد".
 
چەپ لەنێو دەم پارتیدا "رۆڵی قەیووم دەبینێت"
 
عەبدوڵڵا کران بوونی چەپەکانی نێو دەمپارتی لە بەرژەوەندی کورد نابینێت و دەڵێت؛ "چەپەکانی نێو دەم پارتی هیچ خێرێکیان بۆ کورد نەبووە و چەپ لەنێو دەم پارتیدا رۆڵی قەیووم دەبینن و ئەوان سیاسەتی دەم پارتی بەڕێوەدەبەن".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە، "ئەگەر دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ نزیکەی 15٪ـی دەنگەکانی هێنابا، کە هەموومان دەزانین دەنگی کورد زیاتر لە 35٪ـە، ئەگەر 15٪ـی دەنگەکانیان هێنابا و سەنگ و قورسایی خۆیان دیاریکردبا، ئەوکات دەیتوانی لەگەڵ پارتەکانی دیکە دانوستان بکەن، بەڵام دەم پارتی سیاسەتێکی سەربەخۆی نەگرتەبەر و چووە پاڵ جەهەپەوە".
 
ئەو پسپۆڕە سیاسییە دەشڵێت؛ "بردنەوەی جەهەپە لە ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی دیکە بە پاڵپشتی دەم پارتی، وادەکات ئاکپارتی لە کورد نیگەران بێت و دەشتوانێت لەو شارانەی دەم پارتی دەنگی هێناوەتەوە، جارێکی دیکە قەیووم دابنێتەوە، بۆیە دەبوایە دەم پارتی سیاسەتێک هەڵبژێرێت کە نەکەوێتە ململانێی نێوان جەهەپە و ئاکپارتی، بەڵام هاوسەنگی سیاسیی خۆی بەهۆی جەهەپەوە لەدەستدا".
 
ئاکپارتی و دەم پارتی "دۆڕاوی هەڵبژارنەکەن"
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێیوایە دۆراوی یەکەمی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئاکپارتییە و دەشڵێت؛ "دۆڕاوی دووەمی هەڵبژاردنەکە دەم پارتییە".
 
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی؛ "راستە دەم پارتی لە زۆربەی شارەوانییەکان براوە بووە، بەڵام ئەگەر سەیری رێژەی بەشداریکردنی خەڵک بکەیت 47٪ بووە و دەم پارتی نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە و ئەگەر کۆی دەنگەکان هەژمار بکەین دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و 400 هەزار دەنگ، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2019 نزیکەی چوار ملیۆن و 500 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو".
 
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێت؛ "براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنە جەهەپەیە و بە جیاوازی 10٪ گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵی بردەوە و نزیکەی 367 شارەوانی بردووەتەوە".
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ سوپرایزی هەرە گەورە لە باکووری کوردستان پارتی رەفای نوێ و هوداپار بوون، هودا پار لە دیاربەکرد نزیکەی 20 هەزار دەنگی هێناوە و لە ئێلیهـ بە رێژەیەکی بەرچاو دەنگی هێناوەتەوە و پارتی رەفای نوێ لە کوردستان بووە بە سێیەمین پارتی سیاسی و هوداپار بووەتە چوارەم.
 
"هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی نییە"
 
عەبدوڵڵا کران، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە لەدوای هەڵبژاردنی ئەمڕۆی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، ئەگەر ترووسکاییەکیش بۆ دەستپێکردنەوەی چارەسەری پرسی کورد هەبووبێت، "ئێستا ئەوەش نەماوە".
 
عەبدوڵڵا کران دەڵێت؛ "لە هەڵبژاردنی پێشوو، دەم پارتی 13٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، ئەگەر ئەو پارتە بە بەربژێرێکی ژیری وەکو باشاخ دەمیرتاش چووبایە هەڵبژاردنەوە، بە لایەنی کەمەوە 15٪ بۆ 20٪ـی دەنگەکانی بەدەستدەهێنا".
 
زیاتر روونیدەکاتەوە؛ "لە تورکیا هاوسەنگییەک لەنێوان ئاکپارتی و جەهەپە هەیە، بەڵام دەزانین لەم هەڵبژاردنە بەهۆی سیاسەتی دەم پارتی ئەو هاوسەنگییە لە زیانی ئاک پارتی تێکچوو، هەر بەو هۆکارەی دەم پارتی نەیتوانی سیاسەتێکی هاوسەنگ لە نێوان ئەو دوو هێزە هەڵبژێرێت، پێموایە ئەگەری دەستپێکردنەوەی چارەسەری پرسی کورد نەماوە".
 
ئیمامۆغڵو بە دەنگی کورد "ئیستەنبووڵی بردەوە"
 
هاوکات، زریان رۆژهەڵاتیش پێیوایە ئیمامۆغڵو بە دەنگی کورد توانی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بباتەوە و دەشڵێت: "دیارە ژێربەژێر هاوپەیمانییەک لە نێوان جەهەپە و دەم پارتی هەبووە، لەبەر ئەوەی نوێنەری دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ 1.9٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە."
 
بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت؛ "دەنگدەرانی دەم پارتی، دەنگدەرێکی پابەندن و نزیکەی 10٪ـی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ بۆ ئەم حیزبەیە، ئەگەر هەڵوێستی دەنگدەرانیش گۆڕابێت ئەوپەڕی بە رێژەی 3٪ـیان هەڵوێستی خۆیان دەگۆڕن، خۆ دەبێت 7٪ بۆ 5٪ـی دەنگەکان هەر بۆ بەربژێری دەم پارتی بن، کەچی 1.9٪ـی دەنگەکانی هێنا".
 
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی، یەکەم هەنگاوی دەم پارتی بۆ سەرکەوتنی ئیمام ئۆغڵو لە ئیستەنبووڵ ئەوەبوو کە بە قسەی سەلاحەدین دەمیرتاشیان نەکرد بۆ بەربژێرکردنی باشاک دەمیرتاش، هەنگاوی دووەمیان ئەو بەربژێرە بوو کە دایاننابوو، هەرچەند یەک لە سەرکردەکانی دەم پارتییە، بەڵام سیاسەتڤانێکی ئەوەندە گرنگ نییە کە بتوانێت دەنگێکی ئەوتۆ بەدەست بهێنێت.
 
"جەهەپە هیچ خێرێکی بۆ کورد نابێت"
 
عەبدوڵڵا کران، لە بەرامبەر پاڵپشتی دەم پارتی بۆ جەهەپە پێیوایە؛ "جەهەپە تاوەکو ئێستا هیچ خێرێکی بۆ پرسی کورد لە باکووری کوردستان نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەم حیزبە بە شێوەیەکی نەتەوەپەرستانە لە پرسی کورد دەڕوانێت".
 
وەکو ئاماژەشی پێدەدات؛ "ئەگەر لە داهاتوودا بەهۆی ئەو سیاسەتەی دەم پارتی گرتوویەتە بەر، ئاکپارتی جارێکی دیکە لەبری سەرۆک شارەوانییەکانی دەم پارتی قەیووم دابنێت، جەهەپە هیچ هەڵوێستێکی نابێت، لەکاتێکدا نزیکەی نیوەی دەنگی کورد لە شارەکانی رۆژئاوای تورکیایە و دەم پارتی هەموو ئەو دەنگانەی کردە قوربانی جەهەپە".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. وێنە: AA

هاکان فیدان: هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سووریا لە لاوازیمانەوە نییە

وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە لاوازی یان ناچاری نییە، بەڵکو دۆخی ناوچەکە وا دەخوازێت ئەو هەنگاوە بنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، رووسیا و ئێرانیش رۆڵی ئەرێنی دەگێڕن