رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، لە کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا پێشێلکاری کراوە و دواتر بە بەڵگەوە دەیخەنەڕوو.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان و هاووڵاتیانی تورکیا کرد، سوود لەو دەرفەتە وەربگرن لەبەردەمیاندا ماوە و بچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن.
گوتەبێژی دەم پارتی گوتی، لە باکووری کوردستان دەنگدان لە دۆخێکی "نائاسایی"دا بوو و لە پارێزگاکانی تورکیاشدا خەڵک بە ئاسایی دەنگیان داوە.
ئایشەگول دۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە شارەکانی باکووری کوردستان پێشلێکاری کراوە، بەتایبەت لە مێردین، شرنەخ، ئاگری، مووش و جۆلەمێرگ و گوتی، "خەڵکی دەرەوەی ئەو شارانە براون بۆ ئەوەی لەوێ دەنگ بدەن. هەندێک کەس خەڵکی ئەو ناوچەیە نەبوون، بەڵام پێش هەڵبژاردن شوێنی دەنگدانیان بۆ ئەو شوێنە گوازراوەتەوە."
گوتەبێژی دەم پارتی گوتیشی، پێش هەڵبژاردن، سکاڵای زۆریان دژی چۆنیێتی دەنگدان و گواستنەوەی دەنگ بۆ ئەو پارێزگایانە تۆمار کردووە، بەڵام سەرجەمیان رەتکراونەتەوە.
ئایشگەگول دۆغان رایگەیاند، "پێشێلکاری کراوە؛ دەنگی دووبارە هەبووە؛ لە هەندێک شوێندا دەنگ دراوە کە شوێنی دەنگدان نەبووە؛ ئەوانە بە بەڵگە و ڤیدیۆ لەبەردەستماندان."
گوتەبێژی دەم پارتی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە گوتی، "ئێمە بە ئاسانی بەم رۆژە نەگەیشتووین. ئەم دەنگە بۆ کورد تەنیا هەڵبژاردن نییە. بۆیە گرنگە دوای دەنگدانیش خاوەنداری لە دەنگەکان بکرێت و گرنگە هاووڵاتیان سندووقەکان جێنەهێڵن."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو؛ 50.59٪ـی دەنگدەران ئافرەت و 49.41٪ـشیان پیاو. لە هەڵبژاردنەکەدا، ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن.
هەڵبژاردنەکە لە 30 گەورە شارەوانیی و 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ