هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستەنبوڵ؛ رێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر

رووداو - ئیستەنبوڵ

لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تووندا، پرۆسەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شاری ئیستەنبوڵ دەستیپێکرد.

راوین ستێرک، پەیامنێری رووداو لە ئیستانبوڵ رایگەیاند: دوای شارەکانی باکووری کوردستان لە شارەکانی تورکیاش پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد.

پەیامنێری رووداو دەڵێ: لە ناوچەی قاسم پاشا لە ئیستانبوڵ لە کاژێر 08:00ـی بەیانییەوە بنکەکانی دەنگدان بەرووی دەنگدەراندا کراونەتەوە، خەڵک هێدی هێدی روو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن، لە هەمموو بنکەکانی دەنگداندا بەرپرسانی فەرمی و چاودێری لایەنە سیاسییەکان ئامادەن و رێوشوێنی ئەمنی لە ئاستێکی باڵا گیراوەتەبەر.

لە ئیستانبوڵ زیاتر لە 10 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 36 هەزار سندووق لە بنکەکانی دەنگداندا دانراون، دەوروبەری 45 هەزار کارمەندی ئەمنی بۆ پاراستنی ئەمنیەتی پرۆسەکە خراونەتە کارەوە.

رووداو رووماڵێکی فراوان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات، پەیامنێرانمان: مەهدی موتڵو لە وان، ماشەڵڵا دەکاک و ناسر عەلی لە ئامەد، شەوکەت هەرکی لە ئەنقەرە و راوین ستێرک لە ئیستەنبوڵەوە راستەوخۆ دوایین زانیاری لەبارەی هەڵبژاردنەکە دەخەنەڕوو، هەروەها هێڤیدار زانا لە ئامەدەوە بوڵتەنی تایبەتی هەواڵ لەبارەی هەڵبژاردنەکە پێشکەش دەکات.