ئەردۆغان: پێویستە ئامادەکاری بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوومان بکەین

31-01-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "هەڵبژاردنی پێشوو بووە رابردوو. ئیدی ئەوەی لەسەرمانە ئەوەیە قسەی نوێ لەبارەی ئەمڕۆ بکەین و ئامادەکاری بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوومان بکەین."
 
ئەمڕۆ هەینی 31ی کانوونی دووەمی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی لە هەشتەمین کۆنفرانسی لقی رێکخستنەکانی ئەنتاڵیای پارتەکەی بەشداریی کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان رەخنەی لە ئۆپۆزیسیۆن گرت و گوتی، "هەمیشە دەڵێم، کاتمان نییە بەفیڕۆی بدەین. ئێمە وەک ئۆپۆزیسیۆن نین و یەک ساتیشمان نییە بۆ مشتومڕی لابەلا و شەڕی بێ ئەنجام تەرخانی بکەین. ناتوانین خۆمان سەرقاڵ بکەین بە رۆژەڤەکانی ئەوانەوە، کە تەنیا بیر لە بەرژەوەندی، گیرفان و پیشەی سیاسیی خۆیان دەکەنەوە. لەبری گوفتار و مشتومڕ، پێویستە کار و خزمەتگوزاری دابین بکەین."
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کرد، کە جەهەپە زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و گوتی، "هەڵبژاردنی پێشوو بووە رابردوو. ئیدی ئەوەی لەسەرمانە، ئەوەیە قسەی نوێ لەبارەی ئەمڕۆ بکەین. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە ئامادەکاری بکەین بۆ سەرکەوتنەکانی داهاتوومان."
 
سەبارەت بە وەرزی گەشتیاریی ساڵی 2024، ئەردۆغان رایگەیاند، "لە 2024دا ئامانجەکەیشمان تێپەڕاند. ژمارەی گەشتیار 62 ملیۆن و 300 هەزار کەس بوو. داهاتی گەشتیاریشمان 61 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بوو."
 
ئەمڕۆ دامەزراوەی ئاماری تورکیا داهاتی گەشتیاریی ساڵی رابردووی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بووە؛ ژمارەی گەشتیارانیش زیاتر لە 62 ملیۆن کەس بووە.
 
لەبارەی رووداوی هۆتێلەکەی کارتاڵکایا لە پارێزگای بۆڵو، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، "لەپێناو دووبارە نەبوونەوەی تراژیدیایەکی وەک کارەساتەکەی هۆتێلەکەی کارتاڵکایا لە بۆڵو، کە 79 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستدا، هەموو رێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر. ئەگەر کێشەیەک لە یاسادا هەبێت، ئەوا لە پەرلەمان چارەسەری دەکەین."
 
سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئاگری هۆتێلەکە، ئەردۆغان گوتی، "چاوپۆشی لە کەس ناکەین کە بەرپرسیار بێت. لێپرسینەوە لە هەر کەسێک دەکەین کە کەموکورتی، هەڵە و کەمتەرخەمیی هەبێت."
 
کاژێر 03:30ی بەرەبەیانی رۆژی 21ی کانوونی دووەمی 2025، ئاگر لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلێکی 12 نهۆمیی پارێزگای بۆڵوی تورکیا کەوتەوە و بەهۆیەوە 79 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەس بریندار بوون. هێزە ئەمنییەکان 14 کەسیان دەستگیرکرد کە دواتر 9 کەسیان دەستبەسەرکران. 
 
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵ کایایە کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لە پرۆسەکەدا پێشینە بە گفتوگۆ و سازان دەدەن

ئەردۆغان: لەمەودوا لە بری زمانی نەفرەت لەسەر رێزی دوولایەنە بەردەوامدەبین

سەرۆککۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار دوای پەیامەکەی ئیمراڵی قسە لەسەر پرۆسەکە دەکات. ئەردۆغان لە ئیستەنبووڵ، هەر لەو شارەی رۆژی چوارشەممە پەیامەکەی ئۆجەلانی تێدا خوێندرایەوە، لە یەکەم بەربانگی رەمەزان لەگەڵ "کەسوکاری شەهیدان" کۆبووەوە.