ئەربەکان: باشتر وایە ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە داوای چەکدانان بکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد فاتیح ئەربەکان لە ئامەدی باکووری کوردستانەوە داوایکرد، ئەگەر ئۆجەلان پەیامی داماڵین و چەکدانان لە پەکەکە بکات، با لە ئیمراڵییەوە بیکات. ئەو، پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات و دەڵێت، "دەبێ پرۆسەکە راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییانەوە بکرێت."
محەممەد فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی سەرلەنوێ رەفاهـ، بەشداریی سێیەمین کۆنگرەی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە ئامەدی باکووری کوردستان کرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا باسی پرۆسەی ئاشتی و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئیمراڵی کرد. رایگەیاند، پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەی کورد دەکەن بەو مەرجەی کاریگەریی نەرێنی نەخاتە سەر یەکپارچەیی خاک و سەلامەتیی وڵات بپارێزرێت.
ئەربەکان باسی لەوەشکرد، ئەگەر بڕیاروایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی داماڵین یان چەکدانانی پەکەکە بڵاوبکاتەوە، باشتر وایە لە ئیمراڵییەوە بیکات، "ئەمە بۆ هەموو لایەک گونجاوترە."
رۆژی 29ـی مانگ، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئۆندەر پێکهاتبوو، لەسەر زاری ئۆجەلانەوە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، تێیدا ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، هەر شتێک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێویست بێت، دەیکات.
ئەربەکان جەختی لەوەشکردەوە، لە پرۆسەکەدا دەبێ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، سەرۆک هۆزەکان، ئەکادیمی، رۆشنبیران، سیاسەتڤانان و خەڵکی ناوچەکە راستەوخۆ بەشداری پرۆسەکە بکەن و بیروبۆچوونیان وەربگیرێت، نەک تەنیا بۆچوونی کەس و لایەنێک وەربگیرێت.