دەمیرتاش: ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکرێت، تورکیا دەڕووخێت
رووداو دیجیتاڵ
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵە لە گرتووخانەدایە لەڕێی پارێزەرانییەوە قسەی بۆ میدیای تورکیا کرد و رایگەیاند:"دەسەڵات تاوەکو زیاتر لە سندووق رادەکات دەنگی زیاتر لەدەستدەدات".
دەمیرتاش گوتی: "لەوانەیە ئاکەپە ساڵی 2023 رووبەڕووی کێشەی تێپەڕاندنی بەربەستی پەرلەمانی ببێت. بەڵام بابەتەکە ئەوە نییە ئاخۆ ئاکەپە چی بەسەردێت، چونکە ئەمە یەکلایی بووەتەوە. ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە، ئایا تورکیا ساڵ و نیوێکی دیکە بەرگەی ئەم قەیرانە دەگرێت؟".
دەمیرتاش هۆشداری لە بەردەوامبوونی رەوشی ئێستای تورکیا دا و گوتی: "ئەوەی دەبینرێ پێماندەڵێ ئەگەر راستەوخۆ نەچینە هەڵبژاردنەوە، تورکیا رووخانێک دەڕووخێت، کە نۆژەنکردنەوەی زۆر سەخت دەبێت. هەر بۆیە ئەرکی لەپێشینەی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و کۆمەڵگەییە گۆڕەپان گۆڕەپان باس لە هەڵبژاردن بکات".
دەمیرتاش هەروەها جەختیکردووەتەوە کەسانێک هەن نایانەوێ ئەم دۆخە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بۆ نموونە ئەوانەی دەوروبەری سەرۆککۆمار کە خۆیان بەرژەوەندیی تایبەتیان لەم دۆخە هەیە.