سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: دەبێت گوتەکانی نەتەنیاهوو بە هەڕەشە وەربگرین
رووداو دیجیتاڵ
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی پەرلەمانی تورکیادا کە رۆژی دووشەممە، 30-9-2024 بۆ هەڵسەنگاندنی خولی 28ـەمینی پەرلەمان رێکخرابوو، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە کە لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ: گوایە نەتەنیاهوو گوتوویەتی: "جگە لە کورد ئەوەی بێتە بەردەممان دەیشێلین".
لەکاتێکدا هێرش و هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، ئێران و لوبنان بەردەوامن، لە میدیای تورکیادا بڵاوبووەتەوە کە گوایە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتوویەتی: "جگە لە کورد، ئەوەی بێتە بەردەممان دەیشێلین و تێیدەپەڕێنین."
محەممەد ئۆزجان، پەیامنێری رۆژنامەی دۆغروخەبەر پرسیارێکی ئاراستەی نوعمان کورتوڵموش کرد و گوتی: "نەتەنیاهووی بکوژ لە دوایین روونکردنەوەیدا پەکەکە و پەیەدە بە هاوپەیمان ناودەبات و دەڵێت: جگە لە کورد، هەموو ئەوانە دەشێلین کە دێنە بەردەممان. بەم گوتەیەی هەڕەشەی لە تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە کرد. ئێوەم لەگەڵ هەموو ئەم پێشهاتانە، چۆن هەڵسەنگاندن بۆ هەڕەشەی تیرۆری زایۆنی دەکەن کە لە سنوورەکانمان نزیک دەبێتەوە؟"
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بێ ئەوەی جەخت لەسەر راستی و دروستیی هەواڵەکە بکاتەوە، وەڵامی پرسیارەکەی دایەوە و بە پێویستی زانی ئەو گوتانەی نەتەنیاهوو بە هەڕەشە بزانرێت.
کورتوڵموش گوتی: "پێویستە وڵاتانی ناوچەکە تەواوی جیاوازییەکانیان لە نەژاد، ئایین، مەزهەب و سیاسی بخەنە لاوە و لەپێناوی پاراستنی خەڵک و سەروەرییان، بگەنە سازانێکی هاوبەش. پێویستە هەوڵێکی جیددی بۆ ئەمە بدرێت. دەزانم کە ئەمە ئاسان نییە. بەڵام وڵاتانی ناوچەکە جگە لەم رێگەیە هیچ رێگەیەکی دیکەیان نییە".
هەرچەندە ئەو هەواڵە لە میدیای تورکیدا بڵاوبووەتەوە، بەڵام هیچ یەک لەو دەزگا میدیاییانەی بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژەیان بە سەرچاوە نەداوە.