لە مەلەتیی باکووری کوردستان باڵەخانە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزە دەتەقێندرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە مەلەتیی باکووری کوردستان دەستکراوە بە رووخاندنی باڵەخانە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات. بەشێک لە هاونیشتمانییان پێش رووخاندنی خانووەکانیان، دوایین وێنەی یادگاری لەگەڵدا دەگرن. جەرەن کۆچ بەرگەی دیمەنی خاپووربوونی ماڵەکەی ناگرێت و دەگری. دایکی دڵی دەداتەوە، لەکاتێکدا خۆی زیاتر لە کچەکەی و ماڵەکەشی دەروونی رووخاوە.
ئەسما کۆچ، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئێمە ئێرەمان کڕی، چونکە گوتیان تۆکمەیە و بەڵێندەرەکەشی جێی متمانەیە کە هاوڕێی هاوژینەکەم بوو، ئەگەر باڵەخانەکەی بە باشی دروستکردبا ئەمە رووینەدەدا. رەنجی چەندین ملیۆنی من بووە خاشاک. شوکرانەبژێرین کە منداڵەکانمان باشن، بەڵام سەختە کە شەڕی مانەوە دەکەین".
هاوشێوەی ئەم تۆز و غوبارە، چارەنووس و لانەی داهاتووی خێزانە خانوو رووخاوەکان، نادیارە. خێزانی کۆچ دوای چوار ساڵ چاوەڕوانی، چوونە نێو ماڵی خۆیان، بەڵام ساڵێک تێنەپەڕی پێیانگوتن باڵەخانەکەیان دەڕووخێندرێت.
جەرەن کۆچ، هاونیشتمانی باسی لەوە کرد، "کەسێک لە هەمان کاتدا شارەکەی و ماڵەکەی بڕووخێت چۆن دەبێت؟! زۆر خەمبارم!"
ئەو تیمانەی باڵەخانەکان دەڕووخێنن، لە نزیکەوە هەست بە خەمی خێزانەکان دەکەن. ئیسرا ئەکین، پسپۆڕی تەقاندنەوە گوتی، "کاتێک دەچینە ژوورەوە زۆر جار نووسراوی خەڵک بەتایبەتیش منداڵان دەبینین. هەندێکیان دەڵێن ساڵانێک رەنجیان کێشاوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو لانەیە. جێهێشتنی ماڵەکەت سەختە، بەشێکیان دەستیان لێ بەرنابێت و ماڵئاواییان بۆ ناکرێت".
بەگوێرەی راپۆرتی پارێزگای مەلەتی، لە مانگی ئەیلوولدا رۆژانە 150 بۆ 190 باڵەخانەی کاریگەر بە بوومەلەرزە رووخێندراون و هەڵمەتەکە درێژەی هەیە. ئەگەرچی رووخاندنی ماڵ و حاڵی هاونیشتمانیان مایەی خەمە بۆیان، بەڵام مانەوە لە نێو باڵەخانەی لەرزۆک، مەترسیداترە بۆ سەر ژیانیان.