لە سەمسووری باکووری کوردستان پارێزگاری لە بەرهەمی ماسی دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان، پرۆژەیەک بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمە ئاوییەکان ئامادەکراوە، بە تایبەت بۆ پاراستنی ئەو جۆرە ماسییانەی لە پێشوودا لە تورکیا لەنێوچوون. لە رێگەی پرۆژەکەوە، کوالێتیی بەرهەمی ماسی بەرزدەکرێتەوە.
ئێستا لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان پەنجەماسی دەخرێنە نێو بەنداو و گۆمەکان و تاوەکو ئێستاش 30 بەنداوی پارێزگاکە پەنجەماسییان تێدا دانراون.
نوورەدین کیاس، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی سەمسوور لەبارەی پرۆژەکەوە دەڵێت، "لە نزیکەی 11 شوێنی دیاریکراودا بێچووی ماسیی سازان و شابووت دەخەینە نێو ئاوی بەنداو و گۆمەکانەوە. ئەو ماسییانەمان لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵیی ئورفا هێنا. دوو ملیۆن و 300 هەزار شابووت و چوار ملیۆن و 880 هەزار ماسیی سازانمان هێنا. لە ماوەی چوار بۆ پێنج رۆژدا لە ناوچەی گەرگەرەوە تاوەکو سامساتن دەیانخەینە نێو ئاوەکەوە."
مەبەست لەم پرۆژەیە پاراستنی جۆرە جیاوازەکانی ماسییە لە لەنێوچوون و بەرزکردنەوەی کوالێتیی بەرهەمە ئاوییەکانە. ساڵانە وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا بەپێی پلانێک ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە پێویستە پەنجەماسی تێدا زیادبکرێت.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵ و دارستانی سەمسوور دەڵێت، "لە چوارچێوەی پرۆژەی برەودان بە ماسی لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمە ئاوییەکانی وەزارەتمان، کارەکانمان بەردەوام دەبن."
حکومەتی تورکیا لەگەڵ ئەم هەنگاوە، رێنوێنی بە ماسیگران دەدات، پابەندبن و لە کاتی قەدەخەکراودا راوی ماسی نەکەن، چونکە پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان کارەکانی پرۆژەکە پەکدەخات.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ساڵی 2022، 849 هەزار و 808 تۆن بەرهەمی دەریایی لە تورکیا هەبووە، ئەمە لەکاتێکدایە، 60.6٪ـی ئەو بەرهەمە لەو ماسییانە پێکدێن کە لە بەنداو و گۆماوە دروستکراوەکاندا دەژین.