ئەردۆغان: لە بواری بەرگری، بۆشایی ئاسمان و پرسی ئیدلب لەگەڵ رووسیا کار دەکەین

30-09-2021
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن رەجەب تەیب ئەردۆغان ڤلادیمێر پووتین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ئاشکراکرد و ئاماژەی بەوە کرد، لەبارەی ئیدلب قسەیان کردووە و هەردوو وڵاتیش لە بوارەکانی وەکو پیشەسازیی بەرگری و بۆشایی ئاسمان پەیوەندییەکانیان پەرەپێدەدەن. ئەردۆغان پێشنیازی ئەوەی بۆ پووتین کردووە کە هاوکاریی حکومەتی تورکیا بکەن بۆ دروستکردنی دوو بنکەی ئەتۆمیی دیکە و ئەویش رەزامەندیی نیشانداوە.
 
رۆژی چوارشەممە 29-09-2021 ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە هاوینەهەواری سۆچی لە رووسیا کۆبوونەوە؛ ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی رووبەڕووی ئەو دوو سەرۆکەیە لە ماوەی 18 مانگدا.
 
رەوشی ئیدلب بابەتێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکان بووە
 
لەبارەی رەوشی ئیدلب، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پێکەوە لەگەڵ پووتین "جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت لەو بوارەدا هەنگاو بنێین و چارەسەرێکی هەمیشەیی، کۆتایی و ماوەدرێژ بەدەستبهێنین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا وردەکاریی زیاتری لەوبارەوە نەدا، بەڵام گوتەبێژەکەی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا گوتی، دەبێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت کە ساڵی رابردوو تایبەت بە ئیدلب واژۆ کراوە.
 
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا رۆژی پێنجشەممە 30-09-2021 بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەو رێککەوتنەی ساڵی رابردوو واژۆ کراوە، گرنگە جێبەجێ بکرێت، "بەتایبەتی ئەو بوارەی کە تایبەتە بە دەرکردنی تیرۆریستەکان لە ئیدلب".
 
پێسکۆڤ-یش ئاماژەی بەوە نەکرد کە ئەگەر ئەوەی مۆسکۆ داوای دەکات جێبەجێ نەکرێت، ئەو کاتە بۆردوومانەکانی سوپای وڵاتەکەی بۆسەر گرووپە چەکدارەکانی ئەو ناوچەیەی سووریا بەردەوام دەبێت یاخود نا.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە رووسیا بۆردوومانەکانی لە باکووری رۆژئاوای سووریا زیادکردووە؛ رۆژی یەکشەممە 26-09-2021 فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا ناوچەیەکیان لە نزیک شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و بەو هۆیەوە 11 چەکداری هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا کوژران.
 
لە ئایاری 2020دا پووتین و ئەردۆغان کۆبوونەوەیەکی شەش کاژێرییان ئەنجامدا و لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب و دروستکردنی "رێڕەوێکی ئارام" بە قووڵایی 12 کیلۆمەتر بە درێژایی رێگەی ئێم فۆڕ رێککەوتن.
 
پێکەوە کارکردن لە پیشەسازیی بەرگریدا
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا ئەردۆغان بە رۆژنامەڤانانی گوت، لەگەڵ پووتین باسیان لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا کردووە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەوبارەوە گوتی، "دەرفەتمان هەبوو باسی هەنگاوەکان بکەین، لەوانەش لە بواری بزوێنەری فڕۆکە و بزوێنەری فڕۆکەی جەنگی. هەروەها بوارێکی دیکە کە دەتوانین پێکەوە تێیدا هەنگاو بنێین بریتییە لە دروستکردنی بەلەم. پەنا بە خودا، لە بواری ژێر دەریاییشەوە پێکەوە کار دەکەین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ سەرۆکی رووسیا لەبارەی پێکەوە کارکردنی هەردوو وڵات لە بواری بۆشایی ئاسمانیشدا قسەیان کردووە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا سەرۆککۆماری تورکیا پابەندبوونی حکومەتی وڵاتەکەی بە کڕینی تەواوی سیستەمی ئێس 400 دووپاتکردەوە و رایگەیاند، ئەنقەرە لە کڕینی ئەو سیستەمەدا "یەک هەنگاو"یش پاشەکشە ناکات. ئەردۆغان گوتی، تورکیا بڕی 1.4 ملیار دۆلاری داوەتە ئەمریکا بۆ کڕینی فڕۆکەی ئێف 35 و پارچەکانی و ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت واشنتن ئەو پارەیەی بۆ بگەڕێنێتەوە یان فڕۆکە و پارچەکانی پێبدات.
 
چاوەڕوان دەکرێت گوتەکانی ئەردۆغان کاردانەوەی رۆژئاوایان بەدوادا بێت، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
ساڵی رابردوو واشنتن سزای بەسەر تورکیادا سەپاند، ئەوەش بەهۆی رێککەوتنی ئەنقەرە و مۆسکۆ بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی ئێس 400 لەلایەن تورکیاوە. لە هەمان کاتدا، ئەمریکا ساڵی رابردوو تورکیای لە پرۆگرامی دروستکردنی پارچەکانی فڕۆکەی ئێف 35 دەرکرد. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە چاوەڕوانی دەکرد نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی لەو جۆرە وەربگرێت و بەو جۆرەش بتوانێت توانای هێزە سەربازییەکانی زیاتر بکات.
 
کارکردن لە بواری وزەی ئەتۆمدا
 
ئەردۆغان پێشنیازی بۆ پووتین کردووە کە رووسیا یارمەتیی حکومەتی وڵاتەکەی بدات بۆئەوەی دوو بنکەی ئەتۆمیی دیکە دروستبکات و سەرۆکی رووسیاش رەزامەندیی پیشانداوە.
 
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە، کۆمپانیای "رۆستاتۆم"ی رووسی تایبەت بە وزەی ئەتۆمی سەرقاڵی دروستکردنی یەکەمین وێستگەی ئەتۆمییە لە کەنارەکانی باشووری تورکیا و چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی 2023دا تەواو ببێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە