ئەردۆغان: سوپای تورکیا لە هەر شوێنێک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بە شانازییەوە جێبەجێی دەکات

دوێنێ کاژێر 09:27
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "سوپای تورکیا لە سووریاوە بۆ باکووری عێراق، لە لیبیاوە بۆ سۆماڵ لە هەر شوێنێک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت بە شانازییەوە بەجێی دەگەیێنێت." 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 30ـی ئابی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی دەرچوونی 1500 ئەفسەری سوپا لە کۆلێژی جەنگ لە ئەنقەرە بەشداربوو و گوتارێکی پێشکێشکرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان بە ئەفسەرە تازە دەرچووەکانی راگەیاند، "سوپای تورکیا زامنی سەربەخۆیی وڵات، یەکپارچەیی نیشتمان و یەکێتی و یەکڕیزیی نیشتمانیمانە. سوپای تورکیا لە سووریاوە بۆ باکووری عێراق، لە لیبیاوە بۆ سۆماڵ لە هەر شوێنێک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت، بە شانازییەوە بەجێی دەگەیێنێت". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی شەڕ دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ش قسەی کرد و گوتی، "وەک چۆن لە گابار، تەندورەک و بەستەلەر دەرەسی [بەشێک لە چیاکانی باکووری کوردستان] تیرۆریستانمان لەنێوبرد، بەهەمان ورە و ویستەوە لەناوچەکانی دیکەش لەنێویان دەبەین".  
 
ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ئێستای فەلەستینیش قسەی کرد و رایگەیاند، "پشت لە قودس ناکەین؛ بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی دۆزی رەوای گەلی فەلەستین. ئەوانەی پێمان دەڵێن فەلەستین بە ئێوە چی؟ ئەوە هیچ شتێک لە مێژوو نازنن". 
 
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە شەڕدایە؛ هەرێمی عەفرین و ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان داگیرکردووە؛ لە شەڕی نێوخۆی لیبیایشدا پاڵپشتی ئەو حکومەتە دەکات کە بارەگاکەی لە تەرابلووسە و لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێدا نراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە