وەزیری دەرەوەی تورکیا: ئەوانەی لە بەرامبەر غەززەدا بێ دەنگن، تاوانبارن

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، "ئەو دڕندەییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی ئیسرائیل لە غەززە جێبەجێی دەکات، بۆ کەرتی رۆژئاوایشی گواستوەتەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات ئەوانەی بێ دەنگن لە بەرامبەر رووداوەکانی غەززەدا تاوانبارن. 
 
دوای کۆبوونەوەی لە سلۆڤینیا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و تانجا فاجۆن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیان سازکرد.
 
هاکان فیدان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە لە غەززە کۆمەڵکوژی دەکرێت و ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ دارێژراو خەڵکی لە غەززە برسی و تینوو دەکات.
 
هاکان فیدان رایگەیاند، ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی نەخۆشخانە، مزگەوت، قوتابخانە و کەنیسە هەموو بەها مرۆییەکانی پێشێلکردووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو دڕندەییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی ئیسرائیل لە غەززە پەیڕەوی دەکات بۆ کەرتی رۆژئاوایشی گواستوەتەوە".
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی، ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی جەنگەکە دەدات و رایگەیاند، "حکومەتەکەی نەتانیاهوو بەردەوامە لە یاریکردن بە ئاگر. نەتەنیاهوو لە پێناو پاراستنی کورسییەکەی تەواوی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە. هەموو ئەوانەی بێ دەنگن لە بەرامبەر غەززەدا بەتایبەتی ئەوانەی بەبێ مەرج پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، تاوانبارن. پێویستە دڕندەیی ئیسرائیل کۆتایی بێت".
 
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لەنێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس لە کەرتی غەززە و زیاتر لە 600 کەسی دیکە لە کەرتی رۆژئاوا کوژراون. 
 
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023ش کە تێیدا بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە 1609 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش رفێندران کە هێشتا 107 کەسیان لە کەرتی غەززە ماون.