84 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی بۆدرووم، سەر بە پارێزگای موغڵای تورکیا لە دەریای ئیجە، لە نێو دوو بەلەمی جیادا 84 کۆچبەری نایاسایی دەستبەسەرکران، کە دەیانویست بچنە ئەورووپا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێك کە فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، درەنگی شەوی پێنجشەممە، 29ـی ئاب لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی بۆدرووم سەر بە پارێزگای موغڵا لە نێو بەلەمێکدا 59 کۆچبەر دەستبەسەرکران کە 19 ـیان منداڵن. لە نێو بەلەمێکی دیکەدا 25 کۆچبەر دەستبەسەرکران کە سێیان منداڵن و دەیانویست بچنە ئیتاڵیا.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ قاچاخچی دەستبەسەرکران.
دوای جێبەجێکردنی رێکاری یاسایی، کۆچبەرە دەستبەسەرکراوەکان بە مەبەستی دیپۆرتکردنەوەیان رادەستی فەرمانگەی کۆچی پارێزگا کران.
لەم دواییانەدا لە تورکیا گوشارەکان بۆ سەر کۆچبەران زیادیکردووە و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کۆنترۆڵیان لە شارەکانی هاوسنووری یۆنان و لە دەریای ئیجە زیاتر کردووە.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2023 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان کردووە، 27 هەزار و 98 کۆچبەریان لە نێو دەریا و کەناراوەکان دەستگیرکردووە، 305 کۆچبەری برینداریشیان چارەسەر کردووە. هەمان ساڵ 38 کۆچبەر خنکاون و 277 قاچاخچیش دەستگیرکراون.