سەختیی رێگەی گەیشتن بە لووتکەچیای ئاگری دەرفەتی کاری بۆ گوندنشینان دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ

ئاگری یەکێکە لە چیا بەناوبانگ و سەرکەشەکانی باکووری کوردستان، کە بەهۆی سرووشتە جوانەکەیەوە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن. سەختیی رێگەکانی چیاکە دەرفەتی کارکردنی بۆ گوندنشینانی ناوچەکە دروستکردووە، کە بە ئەسپەکانیان گەشتیاران و کەلوپەلیان دەگوێزنەوە لووتکەی چیاکە.
 
لە بناری چیای ئاگریی باکووری کوردستان، کەلوپەلی گەشتیاران باردەکرێت، خاوەن ئەسپەکان گوندنشینانی پارێزگاکانی ئاگری و ئیدری باکووری کوردستانن، کە خۆیشیان سواری ئەسپەکان دەبن و بەرەو لووتکەی چیاکە بەڕێدەکەون.
 
نوروڵڵا چیڤاس، خاوەن ئەسپە و دەڵێ "لێرە ئەم کارە دەکەین. هاوکاریی گەشتیاران دەکەین لە سەرکەوتنیان بۆ سەر شاخ. خواردنیشیان بۆ ئامادە دەکەین. گەشتیاری نێوخۆییش هەن، بەڵام زۆربەیان بیانین".
 
بۆ جارێک چوونە سەر چیا و گەڕانەوە بەو  ئەسپانە، نرخ لەنێوان 120 بۆ 150 دۆلارە.
 
محەممەد تاشدەمیر، خاوەن ئەسپێکی دیکەیە و دەڵێ "ئەمساڵ کەمێک قەرەباڵخترە. یەکەمجار ماندووبوونی تێدایە، بەڵام دوای ماوەیەک راهاتین. ئەگەر ئێمە نەبین، کێ ئەو هەموو کەلوپەلە هەڵدەگرێت؟ ئەی وا نییە!"
 
چیای ئاگری بەرزییەکەی 5 هەزار و 137 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە.
 
گەشتیاران رۆژی یەکەم 3 هەزار و 200 مەتر سەردەکەون؛ رۆژی دووەم دەگەنە بەرزایی 4 هەزار و 200 مەتر؛ سێیەم رۆژ دەگەنە لووتکەی هەرە بەرزی چیاکە و دەمێننەوە.