لە شەڕی نێوان دوو خێزان لە تورکیا دایکێک و دوو کوڕی کوژران

رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای قەیسەریی تورکیا، شەڕ لە نێوان دوو خێزاندا روویدا کە خزمن و دراوسێن. دایکێک و دوو کوڕی کوژران.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، درەنگی شەوی دووشەممە 29ـی تەممووز، لە گوندی "کوچوک کونەی" سەر بە شارۆچكەی دەڤەلی، لەسەر دەمەقاڵەی منداڵان گرژی لە نێوان "نورای داباز" ـی تەمەن 55 ساڵ و "س. ئا."ـی تەمەن 55 ساڵ روویداوە و دواتر بووە بەشەڕیان. 
 
ئەندامانی دیکەی هەردوو خێزان چوونەتە نێو شەڕەکەوە. "س. ئا." تەقەی لە نورای و هەردوو کوڕەکەی عەلی داباز و سەرکان داباز کردووە کە یەکێکیان تەمەنی 36 و ئەوەی دیکەیان تەمەنی 40 ساڵە. 
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی بۆ شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت دایکەکە و هەردوو کوڕەکەی لە شوێنی رووداوەکە کوژراون. تەرمەکانیان گوازرایەوە بۆ بەشی هەڵگرتنی مردووی نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شارۆچکەی دەڤەلی. 
 
تیمەکانی پۆلیس "س. ئا." ـیان دەستبەسەکرد، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.