ئەو ناوانەی کە رەنگە لە حکومەتی تورکیا پۆست وەربگرن ئاشکراکران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا و وەزیری پێشووی دارایی تورکیا کۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەکان، ئامانجی کۆبوونەوەکە داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکە بۆ رزگارکردنی تورکیا لەو قەیرانە داراییەی بەرۆکی گرتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، رۆژی دووشەممە، 29ی ئایاری 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیمشەک، وەزیری پێشووی دارایی تورکیا کۆبوونەتەوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی کۆبوونەوەکە نییە، میدیاکانی تورکیا دەڵێن، هەمووان چاوەڕێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتن و رەنگە شیمشەک لەو کابینەیەدا پۆستی هەبێت.
لەکاتێکدا کە ئابووریی تورکیا بە دۆخێکی سەختدا دەڕوات و بەهای لیرە بەرامبەر بە دراوی جیهانی نزمە، داوا لە محەممەد شمشەک کراوە کە ببێتە وەزیری دارایی و پێش هەڵبژاردنیش هەمان داوای لێکراوە.
دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا و یەکلاییبوونەوەی سەرۆککۆمار، چاوەڕواندەکرێت لەم رۆژانەدا ئەردۆغان کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا ئاشکرا بکات.
پێش هەڵبژاردنەکانی 14ی ئایاری تورکیا، ناوی محەممەد شیمشەک بووبووە رۆژەڤ بۆ وەرگرتنی پۆستێکی باڵا لە کابینەی داهاتوو، بەڵام ئەوکات ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا لەوبارەوە گوتبووی: "محەممەد بەگ لە دوورەوە پاڵپشتی ئەو پرۆسەیە دەکات و دواتریش بەردەوام دەبێت".
لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا، چەند ناوێک ئاشكراکراون کە چاوەڕواندەکرێت پۆستیان پێبدرێت، لەوانە؛ حەسەن دۆغان، بەرپرسی نووسینگەی تایبەتی ئەردوغان و هاکان فیدان، بەرپرسی هەواڵگری تورکیا (میت).
بەپێی زانیارییە پشتڕاستنەکراوەکان، هاکان فیدان دەبێتە وەزیری ناوخۆ و ئیبراهیم کاڵن-یش دەبێتە وەزیری دەرەوە.
هەروەها ناوی سەیفوڵڵا هاجیموفتیئۆغڵو، بەڕێوەبەری دەستەی هاوکاریی نیشتمانی وەکو پاڵێوراو بۆ وەزیری بەرگریی بڵاوکراوەتەوە، بۆ وەزیری وزەش، هەریەکە لە ئالپاسلان بەیرەقدار و مستەفا یڵماز ناویان هاتووە. هەر بەپێی زانیارییەکان، رەنگە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی تورکیادا، دوو وەزارەت بە ناوەکانی (ئافاد و کۆچبەران) زیادبکرێن.